مێژووی پۆلیسی ھاتووچۆی ھەولێر

کەلتوور

29/04/2023     ژمارەی بینراو 536

راچڵەکین –

لە سەرەتادا ھێندە ئۆتۆمبێل لە ھەولێر نەبوو لۆیە ھیچ بەڕێوەبەرایەتییەکی ھاتووچۆ لە ھەولێر نەبوو؛ جگە لە ھەندێک پۆلیسی سەرجادەی کە پێیان دەگۆترا (شرطي شارع).

ھەندێک لەوانە بە وڵاغ لەسەر جادەکان دەسوڕانەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر بوون.

لە ساڵی (١٩٦٩) و لەگەڵ زۆربوونی ھۆکارەکانی ھاتووچۆ گرینگی درا بە رێکخستنی ھاتووچۆ و رائید (عەبدولستار شوکر)یان کردە بەڕێوەبەری بەشی ھاتووچۆ (مدیر قسم المرور).

ئەوکاتی شوێنی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی شوفێری نەبوو؛ لۆیە بەناچاری حەوشە گەورەکەی (قشلەی سواری)یان لە گەڕەکی عەرەب کردە شوێنی مەشق (بەرامبەر پارێزگای ئێستای ھەولێر) و خەڵک لەوێ تراییان دەکرد لۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شوفێری.

لەساڵی (١٩٧٠) بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆیان دامەزراند بەناوی (مدیریة مرور أربيل) خانوێکیان لە نزیک منارە بەکرێ گرت کە ھی رێزدار ئەبو عەونی (ساڵح مەھدی )بوو.

لە ھەولێر کەس نەبوو لۆ ئەو شوێنە، لۆیە رائیدێکیان لە موسڵ ھێنا بە ناوی (خالد عەبدوڵا ئەلوەتار) مرۆڤێکی چاک و دڵسۆزی خەڵک بوو، لەو سەروو بەندەدا کەسێکی لێھاتووی ھەولێریان ھەڵبژارد بۆ ھەڵسووڕاندنی کارەکان؛ ئەویش خوالێخۆشبوو (فازل ھادی ئاغا دزەیی) بوو و کردیان بە رێپێدراوی تۆمارکردن.

کە ئەوکات ھەموو کار و چالاکییەکانی ھاتووچۆی ھەولێر لەژێر دەستی بوون؛ بە (مفەوەز فەیزە)ناسرابوو؛ کەسێکی ئازا و چاونەترس؛ خاوەن ھەڵوێست بوو؛ سەربار وریا و لێزان بوو و کارەکانی بەوپەڕی دڵسۆزی بەڕێوەدەبرد.

ئەوکات من سکرتێری لیژنەکانی پزیشکی بووم و پەیوەندییەکی زۆر باشمان ھەبوو لەگەڵ یەک و ھاوکاری یەکترمان دەکرد، زۆرجاران شەوانە لە نادی موەزەفین پێکەوە دادەنیشتین.

جگە لەو رێپێدراوی دیکەش ھەبوون بە ناوەکانی (دڵشاد حەسەن) و (سلێمان مستەفا) و (مفەوەز یوسف) کە ئەوانیش باش بوون و ئیشی خەڵکیان بەڕێدەکرد.

دواتر و دوای بەیانی یازدەی ئاداری ١٩٧٠ ھەولێر بەرەوپێش چوو و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زیادیان کرد، ئەوکات ساحەی ترایی لە قشلەی سواری نەما و گواستراوە لۆ پارچە زەویەکی گەورە لە بەرامبەر سایلۆ کە ئەوکات ناوچەکە چۆڵ بوو و تایبەتیان کرد بە مەشقی وەرگرتنی ناسنامەی ھاتووچۆ .

ھەر لەوکاتەدا بینایەکیان تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆ لەسەر ڕێگای کەرکوک دروستکرد و بەڕێوەبەرێکیان لۆ دانا بەناوی عەقید (نوری مستەفا)، ياریدەدەرێکیان لۆ دانا بەناوی (سەلاحەدین شەھاب) و کردیان بە ئەفسەری مۆڵەتەکان ( ضابط الاجازات)، کەچی بەشی تۆمارکردن ھەر لای (کاک فەیزە) ماوە چونکە زۆر لێزان بوو و ھەموو ئەفسەران راوێژیان بەو دەکرد.

خوالێخۆشبوو پیاوەکی ڕووخۆش بوو و بەردوام و قسەی خۆشی لۆ دەکردین، لە بنەماڵەیەکی خانەدان بوو، کە ساڵی ١٩٤٥ لەدایکبووە و بووە و ساڵی ١٩٨٥ دوای دەستگیرکردنی بەناحەق دواتر لەناو سجنی موسڵ بەدەستێکی ڕەش لەگەڵ چەند کەسێکی تر شەھیدکران و سوتێندران .

ھەزار ڕەحمەت لەگۆڕی ئەو و سەرجەم شەھیدان بێت و خوای گەورە زیندووان تەندرووست و سەرکەوتوو.

کەریم شێخ عەلی
هەولێری جاران

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن