جەژنەكەیان لێ بوو بەشین 49 كەس لە تینوواندا گیانیان لەدەستدا

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 908


راچڵەكین-

ئیدارەی ناوخۆیی لە باكوری نەیجەر گیانلەدەستدانی 49 كەسی لەناوچەیەكی بیابانی دوورە دەستی نزیك سنووری جەزایر و مالی راگەیاند، بەهۆی لەكاركەوتنی ئەو پاسەی پێی گەڕاونەتەوە بۆ مالی دوای بەشداریكردنیان لەبۆنەیەكی تایبەت بە جەژنی قوربان.

دەسەڵاتدارانی پارێزگای ئاغادزی رایانگەیاندووە، ئەو پاسەی كە قوربانیيەكانی هەڵگرتووە لەناوچەیەك پەكی كەوتووە كە 80 كیلۆمەتر لەخۆرئاوای شارۆچكەی ئاساماكا دوور بووە.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، هەرچەندە شۆفێرو بەشێك لەو سەرنشینانەی كە لەگەڵیدا بوون، هەوڵیانداوە پاسەكە بخەنەوە كار بەڵام بەهۆی كەمی ئەو ئاوەی پێیان بووەو بەرزی پلەكانی گەرماو بەهاناوە نەچوونیان لەكاتی پێویستدا وایكردووە، 49 لەسەرنشینانی پاسەكە گیان لەدەستبدەن كە دواتر پێكەوە لەگۆڕێكی بەكۆمەڵدا نێژراون.

بەووتەی بەرپرسانی ناوچەكە تەنها دوو سەرنشین توانیویانە لەو ڕووداوە كارەساتبارە رزگاریان ببێت پاش ئەوەی بەپێ نزیكەی 50 كیۆمەتریان بڕیوە تا گەیشتوون بە گۆماوێك و پاشان بەرە ئاساماكە رۆیشتوون و بەرپرسانی ئەو ناوچەیەیان لەڕووداوەكە ئاگادار كردووەتەوە.

لەكاتی رۆیشتنی تیمەكانی فریاگوزاریش بۆ شوێنی ڕووداوەكە، لەنزیك 60 كیلۆمەتر لەئاساماكاوە بەهەمان شێوە پاسێكی تریان دۆزیوەتەوە كە زیاتر لە 60 سەرنشینی تێدابووەو ماوەی سێ رۆژ بەهۆی هەبوونی كێشە لە پاتری ئۆتۆمبێلەكەیان گیریان خواردووە، پاش گەیاندنی هاوكاری پێیان، توانراوە ڕزگار بكرێن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن