ڕاچڵەکین سپۆرت -
ڕافینیای بەڕازیلی، یاریزانی باڵی بەرشەلۆنە، هەڵوێستێکی سەرسوڕهێنەری هەبوو سەبارەت بە داهاتووی خۆی لەگەڵ بارسا بۆ وەرزی داهاتوو.
بەپێی ڕۆژنامەی "سپۆرت"، ڕافینیا بەنیازە بەرشەلۆنە بەجێبهێڵێت، هەرچەندە لەژێر هیچ فشارێکدا نەبووە لەلایەن ستافی تەکنیکی یان ئیدارەی بارسا بۆ ئەوەی ڕازی بێت بەو ئۆفەرە سەرنجڕاکێشانەی لە پرێمەرلیگەوە پێی گەیشتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕافینیا خۆی بڕیارەکەی داوە، چونکە ترسی ئەوەی هەبووە لە وەرزی داهاتوودا بەشداری نەکات.
ڕافینیا پێی وایە عوسمان دێمبلی بژاردەی باشترە بۆ چاڤی ڕاهێنەر، لە پۆستی باڵی ڕاست، ئەمەش مانای وایە وەرزی داهاتوو دەبێتە یاریزانی یەدەگ.
ڕافینیا هەروەها دەزانێت گەڕانەوەی مێسی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خولەکەکانی هەموو یاریزانەکانی تر لە هێرشبردندا، تەنانەت ئەگەر لە هەمان پێگەی ئەویشدا نەبن.
ڕافینیا ترسی ئەوەی هەیە کە گۆڕینی بۆ یاریزانێکی یەدەگ لە بەرشەلۆنە ببێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتی پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەی بەڕازیلەوە.
"سپۆرت" ئاشکرای کرد کە ڕافینیا تا ئێستا خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە کە وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە کام تیپەوە دەکات، بەتایبەتی کە دیکۆی بریکارەکەی ٣ ئۆفەری لە چێڵسی و ئارسناڵ و نیوکاسڵ وەرگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئۆفەرەکانی پرێمەرلیگ مووچەیەکی زیاتر بە ڕافینیا دەدەن لەوەی لەگەڵ بەرشەلۆنە بەدەستی دەهێنێت.
ڕۆژنامەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە، بارسێلۆنا ڕافێنیا بە کەمتر لە 70 بۆ 80 ملیۆن یۆرۆ نەبێت دەستبەرداری نابێت.