گەشتی ئاسمانی لەنێوان عیراق و وڵاتێكی ئەوروپا دەستپێدەكاتەوە

عێراق

12/05/2023     ژمارەی بینراو 228

راچڵەكین -

وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو گەشتە ئاسمانییەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەنێوان عیراق و جۆرجیا دەستپێدەكاتەوە و لەقۆناغی یەكەمیشدا گەشتەكان تەنها لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ئەنجام دەدرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، تێیدتا هاتووە كە لەچوارچێوەی پلانەكانی كۆمپانیای هێڵی گواستنەوەی ئاسمانیی عیراق بۆ فراوانكردنی هێڵی گەشتەكانی، بڕیاردرا گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لەنێوان عیراق و وڵاتی جۆرجیا دەستپێبكاتەوە.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، رۆژی 9-6-2023، یەكەمین گەشتی راستەوخۆ لەنێوان هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداو تەبلیسی (پایتەختی جۆرجیا) ئەنجام دەدرێت.

سەبارەت بە وەرگرتنی ڤیزای جۆرجیا لەلایەن ئەو هاووڵاتییە عیراقییانەی خوازیارن گەشت بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام بدەن، وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاندووە كە ڤیزای جۆرجیا تەنها بەو گەشتیارانە دەدرێت كە لەڕێی كۆمپانیای هێڵی گواستنەوەی ئاسمانیی عیراقییەوە گەشت دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن