گێچەڵی سێكسی مۆتەكەی بەردەم كاری ژنانی رۆژنامەنووس

ڕاپۆرت

13/05/2023     ژمارەی بینراو 384

راچڵەكین -

رۆژی 3ی 5ی هەموو ساڵێك، رۆژنامەنووسان بە خستنەڕووی هەل و ئاستەنگەكانی بەردەمیان، یادی رۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەكەنەوە، بۆ ژنانی كورد كە لەم كایە چالاكن، دەستدرێژی و هەراسانكردنی سێكسی، ئەو گرفتەیە كە زۆرێكیان ڕووبەڕووی دەبنەوەو ناوێرن باسی لێوە بكەن.

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، ئەم پرسە لە هەرێمی كوردستان "حاڵەتە" و نەبووەتە دیاردە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كاروان ئەنوەر، نایشارێتەوە كە "لە سلێمانی لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، چەند حاڵەتێكمان هەیە كە هەندێكیان ئاماژەی گێچەڵ پێكردنن، هەندێكیشیان دەست بۆ بردنە و هەندێكیشی دیكەشیان بەریەككەوتنە".

لای خۆشییەوە چالاكوانێكی ژنان، دەڵێت:" پرسی هەراسانكردنی ژنان و كچانی ڕۆژنامەنووس بۆ ڕێكخراوەكانی ژنان "كەیسێكی هەستیارە".

ئاڤان فارس جاف، بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە "بەداخەوە ئەو سەنتەر و رێكخراوانەی كار بۆ ڕۆژنامەوانان دەكەن، بەو جۆرە گرنگی پێنادەن".

چیرۆكەكان

چەند خانمێكی ڕۆژنامەوان باس لە نموونەی ئەو گێچەڵە سێكسییانە دەكەن كە بەهۆی كارەكانیانەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، ئەوان دەڵێن گێچەڵەكان جگە لە بەرپرسانی ئەو دەزگایانەی كاریان تێدا دەكەن، زۆرجاریش لەلایەن هەندێك لە بەرپرسانی سیاسی و كاربەدەستان ئەنجامدراون.

خانمە ڕۆژنامەوانێك بەناوی (ن.ر) ماوەی پێنج ساڵە كاری ڕۆژنامەوانی بۆ یەكێك لە كەناڵە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات دەڵێت، ئەوەی بیرناچێتەوە كە چۆن بەرپرسێكی یەكێك لە حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم، هەراسانی كردووە.

ئەو خانمە رۆژنامەوانە چیرۆكەكەی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە:" ڕۆژێك تەلەفۆنی بۆ كردم و پێی وتم "دەمەوێت موچەیەكی مانگانەت بۆ ببڕمەوە"، منیش پرسیم، " بۆچی و بە چ سیفەتێك؟" پێی وتم" هیچ مەكە تەنها هەفتەی ڕۆژێك بۆ چەند سەعاتێك لەگەڵم وەرە بۆ شوێنێك كەمێك پشوو بدەین". منیش وتم" مەبەستت شوێنەكە كافتریایە"؟ ئەویش پێی وتم "نانا باخێك، شوێنێكی لەوجۆرە"! ئیتر من توڕە بووم و تەلفۆنەكەم بەسەریدا داخستەوە".

بەڵام بۆ خانمە ڕۆژنامەوان (ی,ع) ئەو گێچەڵە لەناو خودی دەزگاكەیەوە و لەلایەن بەڕێوبەری دامەزراوەكە بوو. دەڵێت بەوهۆیەوە بەرپرسەكەی لەكارەكەی دەریكردووە و دواتریش تەنها نیوەی موچەی مانگەكەی لەژێر فشارێكی زۆر داوەتێ.

(ی.ع) كە ماوەی نزیكەی 10 ساڵە ڕۆژنامەوانە و ئێستا لەیەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكان كاردەكات، دەڵێت:" هەموو كاتێك بەم هۆكارە ئازاری دەروونی دەدام و لەچوارچێوەی پیشەكەم بچووكی دەكردمەوە و لەدوای دەركردنیشم، لەلای هاوپیشەكانم قسەڵۆكی بۆ دروستكردم".

ئەو خانەمە رۆژنامەنووسە رەخنەی لە "بێ هەڵوێستی" سەندیكای ڕۆژنامەنوسان و سەنتەری داكۆكی كردن لە مافی ڕۆژنامەوانان دەگرێت و دەڵێت:" ئەم كەیسەم لەسەندیكای ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری داكۆكی كردن لە ڕۆژنامەنووسان باسكرد، بەڵام بێ هەڵوێست بوون".

خانمە رۆژنامەوانێكی دیكە بەناوی (ز.ن ) كە زیاتر لە 11 ساڵە كاری ڕۆژنامەوانی دەكات و ئێستا لەیەكێك لەكەناڵە ئاسمانییەكانی هەرێم كاردەكات، باس لەوەدەكات كە لە كاركردنیدا نمونەی سەیری لە گێچەڵی سێكسی بینیوە، بە تایبەت لەلایەن ئەو كەسانەی كە خاوەن پلەی بەڕێوبردنن.

ئەو دەڵێت ئەزموونی هەراسانكردنەكەی لە لایەن "كەسایەتیەكی سیاسی" كە پێشتر سەرسام بووە بە كەسایەتی و دەركەوتنی. (ز-ن ) ڕایگەیاند، "چومە نوسینگەكەی بۆ وەرگرتنی لێدوان، جا زۆر بە تامەزرۆیی خۆم ئامادەكرد لەڕووی فكری و رۆشنبیرییەوە، تا پرسیارگەلێكی باش و بەپێزی لێ بكەم، چونكە خەیاڵم وابوو كاتێكی وای نەبێت یان دەرفەتێك نەڕەخسێ جارێكی دیكە لێدوان بدات، بەڵام پێچەوانەی بیركردنەوەی من، كاتێك چوومە شوێنی كارەكەی، هەر لە یەكەم بینین هەستم كرد نا.. ئەمە كەسایەتییەكی دووڕووە و ماسكدارە، هەر لە هەڵسوكەوت و تێڕوانینی دەركەوت كە دەیەوێت خۆی نزیكبكاتەوە، هەر بۆیە نیوەی پرسیارەكانم بیرچووەوە."

(ز-ن ) دەشڵێت: دوای هەستكردن بە فشارەكانی ئەو كەسە سیاسییە، بە پەلەپەل شوێنی چاوپێكەوتنەكەم جێهێشت، بەڵام دواتر لەلایەن ئەو كەسە نامەیەكم پێگەیشت كە نوسرابوو، "پێم خۆشە لە شوێنێكی تایبەت و بێدەنگ یەكتر ببینین و چیت پێویستە هاوكاریت بكەم".

خانمە رۆژنامەوانەكە وتی:" بەپەلە نامەكەم سڕییەوە و ژمارەكەم بلۆك كرد، من دەترسام، ئاخر كەسایەتییەكی ئاوها ئەوە ڕەفتاری بێ، زۆر لام سەیر بوو، بەڕاستی هەمووان وەك ئەوە نین كە دەبینرێن."

پەردەپۆشكردنی رووداوەكان

بەوتەی سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی هەرێم، حاڵەتەكانی دەستدرێژی و گێچەڵی سێكسی، هەوڵی پەردەپۆشكردنیان دەدرێت بەهۆی هەستیاری بابەتەكە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە.

كاروان ئەنوەر وتی:" بەداخەوە دەڵێم كە هیچ كام لەو كەیسانە نەگەیەنراونەتە دادگا، بەڵكو ئێمە لەڕێگای سەندیكاوە چارەسەرمان كردووە، ئەویش لەبەرئەوەی شتەكە بڵاونەبێتەوە، چونكە لە كۆمەڵگای ئێمەدا رەنگە بڵاوبونەوەی زیاتر لەسەر خانمەكە بكەوێت، تەنانەت بەشێك لەو خانمانە لەڕێگای ئەندامە خانمەكانی سەندیكاوە سكاڵای گێچەڵەكەیان گەیاندووە و ئامادەنەبوون بە ئێمەش بڵێن".

دەشڵێت، "سەرنوسەر و لێپرسراوی دەزگا هەبووە داوای ئەوەی لەخانمە ڕۆژنامەنووسەكە كردووە كە تەنورەكەی كورت بكاتەوە، یاخود كە خانمەكە ئامادەنەبووە تەسلیمی ببێت، یان كارەكەی لەدەستداوە یاخود سزای كارگێڕی دراوە".

كاروان ئەنوەر ئاماژە بەوە دەكات هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە، زیاتر لەڕێگەی گفتوگۆ بووە لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاكان و دەڵێت، "قسەمان لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاكە كردووە، بۆ نموونە بۆ بابەتی تەنورەی كورت خاوەن دەزگا و بەرپرسەكانیان رەتیانكردووەتەوە كە بە مەبەستی گێچەڵكردن وایان وتبێت و وتویانە سیستمی دەزگاكە وایە".

وتیشی،" ئێمە كەسمان سزانەداوە، چونكە كاتێك سەرنوسەر، یان بەرپرسی دەزگاكەمان بانگكردووە بۆ نمونە سەبارەت بە داواكاری جلوبەرگ، پێیان وتوین بەپێی گرێبەستی دەزگاكە بەوجۆرەیە ئەوەتا ڕۆژنامەنوسەكە خۆی واژۆی كردووە".

گرێبەست وەك بیانوو

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان  دەڵێت:" ئێمە گیرۆدەی دەستی ئەو گرێبەستانەین، بەداخەوە بەهۆی نەبوونی یاسای كارەوە لەهەرێمی كوردستان، هەر دەزگایەك بەدڵی خۆی بەندەكان دادەنێت".

دەربارەی ئەوەی ئەگەر مەبەستەكە بیانوو بوو بەخانمەكە گیرابوو بۆ خۆڕادەستكردنی، نەك جێبەجێكردنی بڕگە و بەندی گرێبەستەكە، كاروان ئەنوەر وتی،" ئێمە دەسەڵاتی سزامان نییە، ئەوكاتە دەبێت پەنا ببنە بەر یاسا، كە یاسا بڕگە و ماددەی هەیە سەبارەت بە هەراسانكردن، بەداخەوە لەبەر ئەوەی ناوی خانمەكە نەزڕدرێت ئێمە پەنامان بردووەتە بەر (سوڵح) بۆی، چونكە لە كۆمەڵگای ئێمەدا زیاتر لەسەر خانمان دەكەوێت".

كاروان ئەنوەر ڕەخنەی ئەوە دەگرێت كە هەوڵەكانی ڕۆژنامەنووسە ژنەكان بۆ شاردنەوەی ئەم جۆرە هەراسانكردنانە ڕێگرن لە گرتنەبەری هەڵوێستی گونجاو.

وتیشی:" بەڕاستی دەبێت خانمانیش سەندیكا بە مەرجەعی خۆیان بزانن و گرفتەكانیان بۆ باس بكەن. یاخود ئەگەر رووبكرێتە یاسا و دادگا باشترە، چونكە ئەوكات دەقەكانی یاسای سزادانی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت؛ كە رۆژنامەنووسیش لەكاتی كارەكەیدا ڕووبەڕووی هەر گێچەڵپێكردنێك بێتەوە، وەك ئەوە وایە فەرمانبەرێك لەكاتی ئەركی فەرمیدا رووبەڕووی ببێتەوە".

بەبڕوای خانمە چالاكوانێكی ژنان، هۆكارێكی بەردەوامی ئەو گێچەڵانە، بریتییە لە "لاوازی و پێنەگەیشتنی خودی رۆژنامەوانە خانمەكە".

بەڵام سەرەڕای ئاستەنگەكان، ئاڤان جاف دەڵێت، " ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە خانمان خۆیان لە هەراسانكردنەكانیان بێدەنگ نەبوون چ جای ئەوانەی فریلانس كاردەكەن لەدەرەوە لەلایەن بەرپرسانەوە، یاخود ئەوانەی لە ژوورەكانی هەواڵ و ناو ئۆفیسەكان رووبەڕووی هەراسانكردن دەبنەوە."
سەرچاوە: دەنگی ئەمریكا

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن