حکومەتی هەرێم: برنج و سماق بۆ ئەوروپا هەناردە دەکەین

ڕاپۆرت

15/05/2023     ژمارەی بینراو 286

راچڵەکین -

بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانی کوردستان، لە ڕێگەی کارگەیەکی ناوخۆییەوە، هەناردەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت و حکومەتی هەرێمیش دەڵێت یەکێک لە ئامانجەکانمان بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە قەزای ئاکرێ، کارگەیەکی ناوخۆیی بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەت، بەرهەمەکانی جووتیاران دەخاتە نێو کیسە و کارتۆنی تایبەتەوە، لەسەریان دەنووسێت (Made in Kurdistan) و ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکات.

روونیشیکردەوە کە "لەمەودوا جووتیاران خەمی ئەوەیان نییە بەرهەمەکانیان چۆن و لەکوێ ساغ بکەنەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و ئەو کێشەیەی جووتیاران، چارەسەر دەکات".

مەحمود محەمەد، جووتیارە و ساڵانەی ئەو بەرهەمەی کە بەرهەمی دەهێنێت بۆ هەناردەکردن دەهێنێتە ئەو کارگەیە، دڵخۆشە بەوەی کە بەرهەمەکەی نەک تەنیا لە کوردستان؛ لە وڵاتانی دیکەش دەفرۆشرێن.

لەبارەی کاریگەریی ئەو کارگانەوە، مەحمود محەمەد وتی: کارێکی زۆر باشە و ئێستا کۆمەڵێک کۆمپانیا دامەزراون کە دەستپیشخەریی دەکەن و بەرهەمەکانمان دەبەنە دەرەوە کە بێگومان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەرهەمەکانمان دەبێت.

مەحمود، یەکێکە لەو جووتیارانەی کە سوودی لەو دەستپێشخەرییە وەرگرتووە و بەرهەمەکەت هەناردەی دەرەوە کراوە، بە دڵخۆشییەوە باسی سوودەکانی کرد و دەڵیت: "نەک تەنیا بۆ من، بۆ هەموو جووتیارێکی کوردستان سوود هەیە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی دامەزراندنی بە چەندین کارگەی ناوخۆیی دراوە، کە دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، بەرهەمە خۆماڵییەکان بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە بنێرنە دەرەوە.

برنج، سماق و تەحین وەک سێ بەرهەمی سەرەکیی خۆماڵی، بۆ هەناردەکردن ئامادەکراون و خراونەتە نێو بارهەڵگرێک و زۆری پێ ناچێت ئەو بەرهەمە خۆماڵییانە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەفرۆشرێن.

ئاراس حامید، خاوەنی کارگەکە دەڵێت: "ئەو بەرهەمەی کە لە جووتیارانی دەکڕنەوە و بە چەند پڕۆسەیەکدا دەچێت و دەخرێتە ناو کیسە و کارتۆنەوە و بۆ هەناردەکردن ئامادەی دەکەن".

خاوەنی کارگەکە وتیشی: "هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانە وای کردووە بەرهەمی جووتیاران پارەی زیاتر بکەن و ئەوەش کاریگەریی لەسەر زیادبوونی بەرهەمی جووتیاران دەبێت".

ئەو کارگەیە، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بەرهەمەکان بنێرێتە وڵاتانی کەنداو و لەپاڵ ئەو هەنارەی هەناردە کراوە، برنج، سماق و تەحینی خۆماڵییش لە مارکێتەکانی وڵاتانی کەنداو بفرۆشرێن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشیگەیاند: حکومەت، پاڵپشتیی جووتیاران دەکات و بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان هاوکاریانە، ئەمە جگە لەوەی ڕێگە خۆش دەکات بۆ هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانە و یەکێکیش لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم، بازاڕگەرییە بۆ بەرهەمی ناوخۆیی.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن