حكومەتی هەرێم شێوازێكی نوێ بۆ وەرگرتنەوەی قەرز لەهاوڵاتیان پەیڕەو دەكات

کوردستان

19/05/2023     ژمارەی بینراو 1445

راچڵەكین-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو ڕایدەگەیەنێت، هاوڵاتیان بۆ ئاسانكاری و سوككردنی ئەركی سەرشانیان، دەتوانن بە چەند شێوازێك قەرز و كرێی ئاو بدەنەوە و وردەكارییەكەشی ئاشكرا دەكات.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بەمیدیای نزیك لەپارتی راگەیاندووە:" لەمەودوا ئەو پسوولەی ئاو كە دەچێتە بەردەمی ماڵان سێ پارچەیە و هاووڵاتی سەرپشكە لەوەی كە كرێی ئاوی دوو مانگ دەدات كە بۆی دەداتەوە، یان كرێی ئەو دوو مانگە و قەرزی پێشوویشی دەداتەوە، لە بەردەرگای خۆی هاووڵاتی دەتوانێت هەم كرێی ئاو، هەم قەرزیش بداتەوە، یان بەتەنیا كرێی ئاوەكە بدات.''

وتیشی: "ئەو بڕیارە بۆ كارئاسانیی زیاتر و سووككردنی ئەركی سەرشانی هاووڵاتییە، هەر قەرزێكیش لە بەردەرگا بیدەنەوە لەسەر كۆی گشتیی قەرزەكەی كەم دەكرێتەوە.''

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە: "لەو كاتەی كارمەندانی تایبەت بە سستەمكردن و كۆكردنەوەی كرێی ئاو لەلایەن كۆمپانیا دیاریكراوەكان دێنە بەردەم ماڵەكانیان، یاخود شوێنی كاریان كە تۆڕی ئاوی خواردنەوەی پێ گەیشتووە، هاووڵاتییان لەو بڕیارە سوودمەند دەبن.''

ڕەزامەندی دراوە لەسەر درێژكردنەوەی لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی كرێی ئاوی هاووڵاتییان و تاوەكوو10ی 6 بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بەوەی هاووڵاتییان لە كاتی وەرگرتنی پسوولەی كرێی كارەبا لەو لێخۆشبوونە سوودمەند دەبن، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو وتی: "داشكانەكە پەیوەندی بەو بابەتە نییە، چونكە ئەو داشكانی 15%ـە لەنێو فەرمانگە دەكرێت، بەڵام ئەوەی بیەوێت داشكانەكەی بۆ بكرێت، ئەویش دەكرێت، بەڵام وا باشترە ئەوانەی قەرزی ئاو پاكتاو دەكەن، سەردانی فەرمانگەی ئاو بكەن.''

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن