هاوردەكردنی توكتوك و سەتوتە قەدەغە دەكرێت

عێراق

6 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 77

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا لەمەودوا هاوردەكردنی توكتوك و سەتوتە بۆناو عیراق بەشێوەیەكی كۆتایی قەدەغە بكرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارو راسپاردەیەك دەركران، گرنگترینیان قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەو جۆرە ماتۆڕسكیلانەیە كە بە (توكتوك و سەتوتە) دەناسرێن، ئەگەر مەرجی توندوتۆڵی و سەلامەتییان تێدا نەبێت.

هەروەهای بڕیاردرا بەهیچ شێوەیەك ئەو ماتۆڕسكیلانە هاوردەی عیراق نەكرێت كە قەبارەی بزوێنەرەكانیان لە 40 سی سی كەمترە، لەگەڵ راگرتنی هاوردەكردنی ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە قەبارەی بزوێنەرەكەیان لە 40 سی سی بەسەرەوەیە، جگە لەوانەی كە فەرمانگە ئەمنییەكان و هاتووچۆ پێویستییان پێیەتی.

لە راگەیەندراوەكەدا، هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارە بۆ رێكخستنەوەی سیستمی هاتووچۆو كەمكردنەوەی جەنجاڵیی شەقامەكانە لەعیراق بەگشتی و شاری بەغدا بەتایبەتی.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریشیدا بە راگرتنی پێدانی مۆڵەتی دروستكردنی هێڵی بەرهەمهێنانی ماتۆڕسكیل لەناوخۆی وڵات بۆ هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت، ئەو شوێنانەشی مۆڵەتیان بۆ ئەمكارە وەرگرتووە، دەبێ سەردانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بكەن بۆئەوەی بەپێی یاسای نوێ مۆڵەتی كاركردنیان پێبدەن.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاریشدرا سێ مانگ دیاری بكرێت بۆ تۆماركردنی هەموو جۆرە ماتۆڕسكیلێك و پێدانی تابلۆی هاتووچۆ، لەدوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە، دەستبەسەر ئەو ماتۆڕسكیلانەدا دەگیرێت كە بێ تابلۆن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن