حەلبوسی و لیژنەی دارایی پەرلەمان دوایین كۆبوونەوە لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە دەكەن

عێراق

24/05/2023     ژمارەی بینراو 246

راچڵەكین -

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی دەكات بۆ گفتوگۆكردنی كۆتایی لەسەر پرۆژەیاسای بودجەو دیاریكردنی دانیشتنی دەنگدان لەسەری، حكومەتی هەرێمیش هۆشداری دەدات لە دەستكاریكردنی هەر بڕگەیەكی پرۆژەیاساكە، كە تایبەتە بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد بە ئامادەبوونی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەكە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو بەندانەی كە ماون لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی و گەیشتن بە بۆچوونێكی روون وەك ئامادەكاری بۆ بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و دیاریكردنی دانیشتنی دەنگدان لەسەری.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، ئەم بودجەیە هیچی كەمتر نییە لە بودجەكانی پێشتر، بەڵكو گرنگترە، بەو پێیەی بۆ ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ چاوخشاندنەوە بە خشتەی ساڵانەدا، وتیشی:" پێویستە پەلە بكرێت لە تەواوكردنی پرۆژە یاسای بودجەو پەسەندكردنی".

كۆبوونەوەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لەكاتێكدایە، هەرێمی كوردستان مەترسی خۆی لەو هەوڵانە نیشانداوە كە دەدرێن بۆ دەستكاریكردنی ئەو بڕگانەی ناو پرۆژەیاسای بودجە، كە پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا جەختی لەوەكردەوە كە دەبێ ڕێز لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت و هیچ هەمواركردن و گۆڕانكارییەك لە پڕۆژە یاسای بودجەی عیراقدا نەكرێت لە دەرەوەی بڕگەكانی ڕێككەوتن و لەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریشیدا شاندی دانوستانكار بەردەوام بێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان، بۆ ڕێگریكردن لەهەر هەوڵێك بە ئاڕاستەی پێشێلكردنی ماف و شایستەكانی هەرێم، كە دەستوور جێگیری كردوون و لەناو ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەت و پڕۆژە یاسای بودجە، رەنگیانداوەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن