راچڵەكین-
سەندیكای پزیشكانی سودان رایگەیاند، لە ئاكامی ئەو شەڕ و پێكدادانانەی كە لە 15ی نیسانەوە لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەكانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵداوە تا ئێستا، 865 مەدەنی كوژراون.
سەندیكای پزیشكانی سودان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەھۆی بەردەوامی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان سوپای سودان و ھێزەكانی پشتیوانی خێراوە، ژمارەی قوربانییان زیادی كردووە.
ئەوەش روونكراوەتەوە، رۆژانی 21، 22 و 23ی ئەم مانگەدا، شەڕ و پێكدادان لەنێوان سوپای سودان و ھێزەكانی پشتیوانی خێرا لە خەرتومی پایتەخت روویداوە و لە ئاكامدا، دوو مەدەنی كوژراون و 103ی دیكەیش برینداربوون، بەوەیش تا ئێستا 865 مەدەنی كوژراون و سێ ھەزار و 634ی دیكەیش برینداربوون.
باسی لەوەیش كردووە كە ژمارەی قوربانییانی شەڕ و پێكدادانەكان لەوەی كە راگەیەندراوە زیاترە، لەبەرئەوەی ژمارەیەكی زۆر بریندار و كوژراو ھەن كە لە نەخۆشخانەكاندا تۆمار نەكراون.
دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستیی سوودان رایگەیاندبوو كە لە ئاكامی ئەو شەڕ و پێكدادانانەی كە لە 10ی نیسانەوە لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەكانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵداوە تا ئێستا، 709 كەس كوژراون و پێنج ھەزار و 424ی دیكەیش برینداربوون.
رۆژی 22ی ئەم مانگە، ئاگربەستی نێوان سوپای سوودان و ھێزەكانی پشتیوانی خێرا كە لە سعوودیە واژوو كرا، چووە بواری جێبەجێ كردنەوە.