لیژنەی دارایی هۆكاری دواخستنی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان ئاشكرا دەكات

عێراق

26/05/2023     ژمارەی بینراو 857

راچڵەكین -

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هۆكاری راستەقینەی دواخستنی دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، هێشتا راپۆرتی تایبەت بە پرۆژەیاساكە رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەكراوە.

یوسف كیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە، لیژنەكە تائێستا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەش گشتی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەكردووە بۆئەوەی بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی داهاتوو و دەنگی لەسەر بدرێت.

هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە لیژنەكە هێشتا وردەكارییەكانی رەشنووسەكەی تەواونەكردووە، راشیگەیاندووە، سبەینێ شەممە، وردەكارییەكان تەواو دەكرێت و رادەستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت، پاشان وادەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دیاری دەكرێت.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، جەختی لەوەشكردووەتەوە كە هەر لێدوانێك لەبارەی هۆكاری دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان درابێت، راست نییە، چونكە لە بنەڕەتدا هیچ وادەیەك بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دانەنراوە.

لێدوانەكەی یوسف كیلابی، لەدوای قسەكانی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دێت، كە بەمیدیاكانی نزیك لە پارتی راگەیاندوو، دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن