راچڵەكین-
هەڵۆ حەمەڕەشید، مامۆستای ئایینی لە شاری سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا رەتیدەكاتەوە هیچ پەیوەندیەكی بە "بكوژ و كوژراوەكەی چەمچەماڵ هەبێت" و دەلًَێت"نایانناسم و هیچ كاتیش حەڵاڵم نەكردوە خوێنی هیچ كەسێك بڕێژرێت لەم وڵاتەدا بەناوی دینەوە"، دەشڵێت، "هەرگیز پێشبینیم نەدەكرد كە مولحید و بەناو مسوڵمان یەكبگرن و بیانەوێت تاوانێكی كوشتن بدەنە پاڵ من و بڵێن تۆ هۆكاربویت".
هەڵۆ حەمەڕەشید لەبارەی كوژرانی خواناس گلی و تۆمەتباركردنی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:"لەوەتەی ئەم دەعوەیەم گرتوەتە ئەستۆی خۆم بەبێ ئەوەی سەر بە هیچ گروپ و تاقمێك بم هەوڵمداوە دین و ئیسلامی وەكو خۆی بگەیەنم، بەردەوام خەڵكانێك لە چواردەوری خۆم هەبون كە بوهتان، بێڕێز و دژایەتیان كردوم، هەتاوەكو ئەو بازنەیەی چواردەورم فراوانتر بوە زیاتر دەعواكەم بە خەڵك گەیشتوە و بوهتان و بێڕێزییەكان و سوكایەتیەكان زیاتربون، بەڵام هەرگیز پێشبینیم نەدەكرد كە مولحید و بەناو مسوڵمان یەكبگرن و بیانەوێت تاوانێكی كوشتن بدەنە پاڵ من و بڵێن تۆ هۆكاربویت".
بە وتەی مەلا هەڵۆ"لە هیچ بەرنامە و وانەیەكدا "نەموتوە لە ئێستادا هەر كافرێك كوفری كرد بڕۆن بیكوژن و هیچ وتارێكم نیە، بەڵكو وتومە ئەو حوكمە پەیوەستە بە حاكمی مسوڵمانانەوە ئەگەر هەبێت، حاكمی مسوڵمانانیش راستەوخۆ بۆی نیە ئەگەر كەسێك كوفر بكات بیكوژێت ئەگەر دەوڵەتەكە ئیسلامی بێت و سەردەمی عومەری كوڕی خەتابیش بێت، چونكە دەبێت ئەو كەسە نەسیحەت بكرێت، هیچكاتێك حەڵاڵم نەكردوە خوێنی هیچ كەسێك بڕێژرێت لەم وڵاتەدا بەناوی دینەوە".
هەڵۆ حەمەڕەشید دەڵێت، "نە كوژراو دەناسم و نە بكوژیش دەناسم، هیچیان نەبینیوە و لەگەڵ هیچ كامیان پەیوەندیم نەبوە، هەتاوەكو بابەتێكی ئاو تۆخبكرێتەوە و بدرێتە پاڵ من، بەهەمو شێوەیەك دژایەتی ئەو كارانەم كردوە، بەڵام نازانم مەبەستیان چیە و ئەم بابەتەیان دروستكردوە و بەزۆر دەیانەوێت بیدەنە پاڵ من، ئەگەر دەتانەوێت لەناوم بەرن شوێنم دیارە و ماڵی خۆم هەیە و مزگەوتم هەیە".
مەلا هەڵۆ رەخنەی لەوانەگرێت كە "ئیسلام بە میانڕەو توندڕەو" ناودەبەن و وتی، "ئەوانەی كە باسی میانڕەویی و توندڕەوی دەكەن هەردولایان خەریكی خیانەتكردنن لە میللەت چونكە ئیسلام یەك ئیسلامە و نە میانڕەو و نە توندڕەوە".
لە 22ی ئەم مانگە، خواناس وریا لەدایكبوی ساڵی 2001 كە كاری شانۆیی دەكرد، لەناو قەزای چەمچەماڵ لەلایەن كەسێكەوە كە لەسەر ماتۆڕسكیلێك بوز، بەچەكی جۆری دەمانچە برینداركرا و بەرلەوەی بگەیەندرێتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، رووداوەكەش كاردانەوەی زۆری هەبوو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە هەمان كاتدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو كە"تۆمەتبار هۆكاری كوشتنەكەی بۆ جیاوازی بیروڕای ئایینی گەڕاندووەتەوە و دانیناوە بەوەی كە چەندجارێك گفتووگۆیان كردوە و لێكتێنەگەیشتن لەنێوانیاندا ڕویداوە".