پادشای هۆڵەندا داوای لێبوردن لە كۆیلەكان دەكات

جیهان

01/07/2023     ژمارەی بینراو 393

ڤیلیم ئەلێكساندەر، پادشای هۆڵەندا

راچڵەكین -

پادشای هۆڵەندا، بەهۆی رۆڵی مێژوویی وڵاتەكەی لە پرسی بە كۆیلایەتیكردندا، بە فەرمی داوای لێبوردن دەكات و راشیدەگەیەنێت: بازرگانیكردن بە مرۆڤ و كۆیلایەتی، تاوانێكی دژ بە مرۆڤایەتییە. 

ڤیلیم ئەلێكساندەر، لەمیانی رێوڕەسمێكدا كە بە بۆنەی یادی 160 ساڵەی قەدەغەكردنی بازگانیكردن بە كۆیلە لەلایەن هۆڵەنداوە رێكخرابوو، هەڵسەنگاندنی بۆ رۆڵی وڵاتەكەی لە پرسی بە كۆیلایەتیكردندا كرد.

پادشای هۆڵەندا وتی: "ئەمڕۆ لەبەردەمتان وەستاوم، ئەمڕۆ وەك پاشا و ئەندامێكی حكومەت داوای لێبوردن دەكەم، لە دڵ و رۆحمدا هەست بە قورسایی وشەكان دەكەم".

ئەلێكساندەر راشیگەیاند كە فەرمانی كردووە بە دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەیەك بە ئامانجی دیاریكردنی رۆڵی یەكلاییكەرەوەی شانشینی "Orange-Nassau" لە پرسی بازرگانیكردن بە كۆیلە و داوای لێبووردنیشی كرد بەهۆی شكستهێنان لە پێشگریكردن لەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە.

ئەمە دووەم جارە هۆڵەندا بەفەرمی داوای لێبوردن لە پرسی بەكۆیلایەتیكردن بكات، ساڵی 2022 مارك رووتێ، سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە، بە ناوی حكومەتەكەیەوە بە فەرمی داوای لێبوردنی كردبوو بۆ مێژووی وڵاتەكەی لەو پرسەدا.

هۆڵەندا كە دەسەڵاتی كۆلۆنیالیزمی لە ناوچە كەناراوییەكانی ئەمریكای باشوور و ئەفریقا دامەزراند، لە كۆتایی سەدەی 16دا دەستی بە بازرگانیكردن بە كۆیلە لە ناوچەی "ترانساتلانتیك" كرد و لە ناوەڕاستی سەدەی 17 ەشدا كە لە "سەردەمی زێرینی" خۆیدابوو، بوو بە یەكێك لە گرنگترین ئەكتەرەكانی بازرگانیكردن بە كۆیلە لە نێوان ئەمریكای باشوور و ئەوروپا، دواتریش لە ساڵی 1863 بە فەرمی بازرگانیكردن بە كۆیلەی قەدەغە كرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن