مۆسكۆ: جەنگ لەنێوان رووسیا و ناتۆ بەرپادەبێت

ڕاپۆرت

12/07/2023     ژمارەی بینراو 437

راچڵەكین- 

دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا لەبارەی دامەزراندنی ئەنجومەنی "ئۆكراین-ناتۆ" ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئەنجومەنە  نەمان و لەناوچوونی یەكێك لەو دوو لایەنە دەگەیەنێت. 

مێدڤێدێڤ لە هەژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نووسیویەتی:"ئەنجومەنەكە بەهۆی لەناچوون و نەمانی ئۆكراین یان ناتۆ بوونی نامێنێت". 

بە وتەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا:"لە ساڵی 2002 ئەنجومەنێكی هاوشێوە لە نێوان رووسیا و ناتۆ دامەزرا، بەڵام ئێستا ناتۆ و رووسیا لە لێواری جەنگدان، یان باشترە بڵێین لەنێو جەرگەی ئەو جەنگەدان". 

پێشتر مێدڤێدێڤ هۆشداریی دابوو لە نزیكبوونەوەی "سێیەمین جەنگی جیهانی"، جەختیشی لەسەر وەڵامدانەوەی رووسیا كردبووەوە بۆ بۆردومانەكەی ئۆكراینا كە بە بۆمبی هێشوویی ئەنجامدرا.  

مێدڤێدێڤ لە ڕێگەی "تەلەگرام"ەوە نووسیویەتی، ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی لە كۆتایی لوتكەی ئەمڕۆی "ناتۆ"دا هاتنە ئاراوە، هاوشێوەی چاوەڕوانییەكانی پێشووی رووسیا بوون"، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەكەی وڵاتەكەشی كردەوە لە ئۆكراینا كە  "بە هەمان ئامانجەوە بەردەوام دەبێت و گرنگترینی ئەو ئامانجانەش رەتكردنەوە و بەرپەرچدانەوەی هەوڵەكانی كیێڤە بۆ بەشداریكردن لە هاوپەیمانی ناتۆ". 

سەركردەكانی ناتۆ لە لوتكەی ڤیلنیۆس لەسەر پاكێجێكی پاڵپشتی چەند ساڵە بۆ ئۆكرانیا ڕێككەوتن كە لە سێ لایەن پێكدێت، بەو پێیەی ینس ستۆڵتنبێرگ سكرتێری گشتی هاوپەیمانی ڕایگەیاندبوو"پاكێجەكە پلانی پشتیوانی چەند ساڵەی لەخۆگرتووە بۆ بەدەستهێنانی كاركردنی هاوبەش لەگەڵ ناتۆ و دامەزراندنی ئەنجومەنی (ناتۆ-ئۆكراین) و و هەڵوەشاندنەوەی مەرجەكانی جێبەجێكردنی پلانی كاری ئەندامبوون كە پرۆسەی پەیوەستبوونی كێیڤ لە دوو قۆناغەوە بۆ قۆناغێك كەمدەكاتەوە". 

لەئێستادا بەهۆی هاوكاریی و یارمەتییە سەربازییەكانی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی بۆ ئۆكراینا لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی رووسیا، ئەگەری بەریەككەوتنی راستەوخۆی نێوان مۆسكۆ و هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی زۆر نزیكە، بە تایبەت پاش ئەوەی ولایەتە یەكگرتووەكان بۆمی هێشووی رادەستی كێیڤ كرد كە بە چەكێكی مەترسیدار دادەنرێت، ئەمەش كرملینی توڕەكرد و بووە هۆی ئەوەی هاوپەیمانمییەكە بە تێوەگلانی راستەوخۆ لە جەنگی ئۆكراینادا تۆمەتبار بكات. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن