گەشكە نەخۆشی نیە و نیشانەیە بۆ بوونی نەخۆشی و گرفت لەمێشكدا

تەندروستی

09/04/2020     ژمارەی بینراو 1088

گەشكە

ڕاچڵه‌كین-

گەشكە جۆری زۆرە، بەڵام دووجۆریان زۆر باون وەك گەشكەی (گشتگیر) كە هەموو جەستەی منداڵەكە دەگرێتەوە و گەشگەی (لاگیر) كە تەنها لایەك دەگرێتەوە، لەم حاڵەتانەدا منداڵ دەكەوێتە سەر زەوی و لەرزین و ڕەقبوونی ماسولكەكانی توش دەبێت و وا هەست دەكەیت خەریكە بخنكێت ئەمانەش بەهۆی تێكچوونی كارەبایی مێشكەوە ڕوو دەدات.

سەبارەت بە گەشكە و جۆرەكانی ، د. ئیبراهیم خەسرەو جاف پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان رایگەیاند: گەشكە حاڵەتێكی پێشبینی نەكراو و كتوپڕە توشی منداڵ دەبێت و بێگومان گەورەش تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت ، بەڵام لەمنداڵاندا زۆترە و زۆربەی ئەو حاڵەتی گەشكانەی كەلەگەورەكاندا ڕوو دەدات لە منداڵییەوە سەرچاوەیان گرتووە.

سەبارەت بەوەی لە چ تەمەنێكدا منداڵ تووشی گەشكە دەبێت ، د. ئیبراهیم خەسرەو جاف وتیشی: منداڵ هەرلە یەكەم چركەساتی لەدایك بوونییەوە و تەنانەت پێش لەدایك بونیشی بۆی هەیە توشی گەشكە ببێت هەتا كاتی گەورە بوون و پیربوونیشی واتە دەتوانین بڵێین لەهەموو تەمەنێكدا مرۆڤ ئامادەگی هەیە بۆ توشبوون و ئاماژەی بەوەكرد گەشكە لەوانەیە نیشانە بێت بۆ بوونی پەركەم ، بەڵام مەرج نیە هەموو ئەو كەسانەی كەپەركەمیان هەیە جۆرێك لەگەشكەیان هەبێت، منداڵ ئەگەربێت و (تا)ی بەرز بێتەوە یان (كالیسیۆم)ی كەمبێت گەشكەی تووش دەبێت و چارەسەر دەكرێت، پەركەم بەو چەمكەی‌ لێی تێدەگەین كەدرێژخایەنە واتە منداڵەكە بەبێ هۆكار و هیچ گرفتێكی دیاریكراو توش دەبێت و لانی كەم تا ماوەی (دوو) ساڵ پێویستی بە چارەسەر وەرگرتن دەبێت.

سەبارەت بەوەی گەشكە منداڵ توشی پەركەم دەكات یاخود بەپێچەوانەوە ،د. ئیبراهیم خەسرەو جاف روونیكردەوە بەڵی توشی دەكات ، چونكە هەندێك منداڵ هەیە مێشكی لە زگماكییەوە گرفتی تێدایە ئەم منداڵانە گەشكەكانیان بەردەوام دەبێت بۆماوەیەكی دورودرێژ ئەم جۆرەیان دەبێت بەپەركەم و ئەوەی خستەڕوو جیاوازییەكی زۆر كەم هەیە لەنێوان كوڕو كچدا بەڵام بەزۆری ئەوەی كە لەكوردستانی ئێمەدا هەیە ڕەگەزی (مێ) زیاترلە ( نێر ) تووشی دەبن، ئەوەی لای ئێمە تۆماركراوە نزیكەی (150) منداڵە كە زۆرینەیان لەڕەگەزی (مێ)ن بەڵام هێشتا ناتوانین وەڵامێكی زانستیانەی تەواوی ئەوپرسیارە بدەینەوە هەتا توێژینەوەیەكی دروست نەكرێت بۆئەوەی بۆمان دەربكەوێت كە لەكام ڕەگەزیاندا ڕێژەكە بەرزترە.

دەربارەی كاریگەرییەكانی گەشكە لەسەر تەندروستی منداڵ ، د. ئیبراهیم خەسرەو جاف پسپۆری نەخۆشیەكانی منداڵان وتیشی: ئەگەر گەشكەكە كورت خایەن بێت واتە كەمتر لە(5) چركە بخایەنێت زیانێكی ئەوتۆی نابێت بەڵام ئەگەر زیاتر لە وكاتەی خایاند ئەگەری ئەوەی هەیە لەهەر جارێكدا مێشكی منداڵەكە بریندار بكات و لەداهاتوودا مێشكی توشی دواكەوتنی ژیری و لەدەستدانی هەستەكانی ببێت.

ئەو پزیشكە ئەوەی راگەیاند باشترین ڕێوشوێن بۆپاراستنی منداڵ لەگەشكە ئەوەیە كە هەر كاتێك هەستت كرد منداڵەكە توشی ئەم حاڵەتە یاخود حاڵەتێكی نائاسایی بۆتەوە پشتگوێ نەخرێت و نیشانی پزیشكی پسپۆڕ بدرێت چونكە دوای یەكەم گەشكە منداڵ پێویستە هەموو جۆرە پشكنینێكی بۆ بكرێت و ئەگەریش دووبارە بۆوە پێویستە دەست بەچارەسەركردن بكرێت و پێویستە دایك و باوك ڕێنمایی لەپزیشكی پسپۆڕ وەربگرن و دەرمان و چارەسەرەكان لەكات و ساتی خۆیدا بدرێت بەمنداڵەكە هەروەها دەبێت ئاگاداری (تا) ی منداڵەكە بیت و نەبێت بەگەشكە لەمنداڵەكەدا .

ئا / ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن