مستەفا كازمی هێڵە گشتییەكانی كابینەی حكومەتەكەی ئاشكرا دەكات

عێراق

09/04/2020     ژمارەی بینراو 3662

راچڵەكین

سەرۆكی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، هێڵە گشتییەكانی كابینەی حكومەتەكەی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: نابێ چەك لە دەستی هیچ گروپێك بمێنێت و پێشمەرگەش ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەكات.

مستەفا كازمی لە راگەیاندراوێكی تۆماركراودا، كە ئەمشەو پەخشكرا، وتی: كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، حكومەتێكی خزمەتگوزار دەبێت و بە كردار خزمەت بە هاوڵاتیان دەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد كە بەزووترین كابینەی حكومەتەكەی پێكدەهێنێت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكارانیش لە كارە لەپیشینەكانی دەبێت.

سەرۆكی راسپێردراوی حكومەت، جەختی لەوەشكردەوە كە سەروەریی خاكی عێراق هێڵی سوورەو سازشی لەسەر ناكەن و نابێتە پرسێكی جێگەی مشتومڕ، راشیگەیاند: جگە لە سوپای عێراق، رێگە نادەن چەك بەدەست هیچ گروپ و لایەنێكەوە بێت و  هێزەكانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبیش لەچوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراق، ئەركەكانی سەرشانیان جێبەجێ دەكەن.

مستەفا كازمی باسی لەوەشكرد كە كار بۆ پەرەپێدانی سەرجەم سێكتەرەكان دەكەن و داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانیش جێبەجێ دەكەن.

راشیگەیاند:" لەسەر بنەمای سەروەریی خاكی عێراق كاردەكەین و ئابووری خۆمان بەهێز دەكەینەوەو كەرامەتی هاوڵاتیانیش پارێزراو دەبێت و بەهیچ شێویەك رێگە نادەین سووكایەتییان پێ بكرێت".

وتیشی، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دەبێت و نابینە پاشكۆی هیچ لایەنێكی دەرەكی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن