ژنێك لە ماوەی 20 خولەكدا 4 دەبە ئاوی خواردەوە و گیانی لەدەستدا

هەمەڕەنگ

05/08/2023     ژمارەی بینراو 599

راچڵەكین- 

لە ڕووداوێكی سەیردا، ژنێكی ئەمریكایی تەمەن 35 ساڵ بەهۆی "ژەهراویبوونی ئاو" یان ئەوەی بە "هیپۆناترێمیا" ناسراوە، لەپاش خواردنەوەی  بڕێكی زۆر ئاو لە ماوەیەكی كەمدا، گیانی لەدەستدا. 

ئاشلی سامێرز كە دایكی دوو منداڵە، لەگەڵ خێزانەكەی لە كۆتایی هەفتەدا لە شاری لەیك فریمان لە ویلایەتی ئیندیانا لە پشوودان بووە و پێش ئەوەی بگەڕێتەوە ماڵەوە هەستی بە سەرئێشە و نیشانەكانی وشكبوونەوەی جەستە دەكرد، بۆیە بڕیاریدا تەنیا لە ماوەی 20 خولەكدا 4 دەبە ئاو بخواتەوە كە هەریەكەیان 500 مل بوو.

ئاشلی لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، بێهۆش بوو، بەهۆی ئاوسانی توندی مێشكەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەڵام دوای ئەوەی لەهۆشی خۆی چوو، بەئاگا نەهاتەوە و بە هۆی "ژەهراوی بوون بە ئاو"، گیانی لەدەستدا. 

ئەو رووداوە تاڕادەیەك دەگمەنە، بەو پێیەی ئالۆك هەروانی پزیشك دەڵًێت، خواردنەوەی بڕێكی زۆری ئاو لە ماوەیەكی كەمدا دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون بە ئاو، چونكە گورچیلە ناتوانێت بە خێراییەكی پێویست خۆی لەو ئاوە زیادە ڕزگاربكات كە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی سۆدیۆم لە خوێندا.

بۆ خۆپاراستن لە ژەهراوی بوون بە ئاو، دەبێت  ئەو خواردنەوانەش بخورێتەوە كە  ریشاڵی میوەیان تێدایە، لەگەڵ وزەبەخشەكان جگە لە ئاوی سادە، تا ئاو و سۆدیۆم لە خوێندا هاوبەنگبن. 

نیشانەكانی ژەهراوی بوون بە ئاو خۆی لە ماندوبونێكی زۆر، سەرئێشەی سوك، لەهۆشخۆچووندا دەبینێتەوە. 

دەبێت ئەوە لەبیر نەكرێت كە ژەهراوی بوون بە ئاو، حاڵەتێكی جددی و سەختە و ئەگەر دەستبەجێ چارەسەر نەكرێت لەوانەیە ببێتە هۆی گیان لەدەستدان، بەو پێیەی رێژەی سۆدیۆم لە خوێندا بە خێرایی كەمدەكاتەوە و دەبێتە هۆی گۆڕانكاریی لە دەمارەكانی مێشك كە وڕێنەكردن و شڵەژانی لەگەڵدا دەبێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن