وێنە؛ قەسابخانەی كەلار داخرا

کوردستان

10/04/2020     ژمارەی بینراو 1277

قەسابخانەی كەلار

راچڵەكین - كامەران سەیدكەریم

بەهۆی نەبونی مەرجەكانی تەندروستی، قەسابخانەی كەلار بۆماوەی 3ڕۆژ داخرا. وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان بڵاویكردووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەكە لەراگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی رەوانەی راچڵەكین كراوە ئاماژەی بەوەكردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، قەسابخانەی كەلاریان بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە ئاگاداری كارەكانی بوون.

"لەو سەردانەدا بۆیان دەركەوت كە قەسابخانەكە هیچ بنەمایەكی تەندروستی و زانستی تێدا رەچاو ناكرێت و تەنانەت لەرووی پاكوخاوێنیشەوە شوێنەكە هیچ شیاویەكی تێدا نیە، هەروەك  نەكارمەندی ئیداری هەیە و نەپزیشكی ڤێتێرنەریش بە بەردەوامی بوونی هەیە لە قەسابخانەكە و پشكنینی زانستیش بۆ ئاژەڵ و گۆشتەكان بە دروستی ناكرێت، لەكاتێكدا هەمو ئاژەڵی گۆشتی سنورەكە لەو قەسابخانەیەدا سەردەبڕدرێت."

ئەوەش روونكراوەتەوە:" بۆ گرتنەبەری رێوشوێن لەبارەی قەسابخانەكەوە، لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان كۆبونەوەیەك بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەشداری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و قائیمقامی قەزای كەلار و بەڕێوبەری ڤێتێرنەری گەرمیان بەڕێوەچو، سەرەنجام بڕیاردرا قەسابخانەكە بۆ ماوەی 3 رۆژ دابخرێت، هەتاوەكو لەو ماوەیەدا رێوشوێنەكان تۆكمە دەكرێن و قەسابخانەكە رێكدەخرێتەوە و بنەماكانی پاكوخاوێنی و تەندروستی تێدا جێبەجێ دەكرێت."


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن