زانكۆی كاسۆلیكی لە هەولێر
راچڵەكین-
زانكۆی كاسۆلیكی لە هەولێر CUE ئامادەكارییەكانی بۆ درێژەدان بە خوێندنی ئەمساڵ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە تەواوكرد.
بەشار وەردە، دامەزرێنەری زانكۆكە و سەرۆكی ئەساقیفەی ئیبارشیەی هەولێری كلدانیی كاسۆلیكی لەجریوەیەكدا ئەو هەواڵەی ڕاگەیاند و داوای لە فێرخوازان كرد پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و گرنگی بە خۆپارێزی بدەن.
هاوكات دكتۆر سەباح ئەلمالح، سەرۆكی زانكۆی كاسۆلیكی لە هەولێر دووپاتی كردەوە:" هەموو ئامادەكارییە تەكنیكییەكانیان تەواو كردووە بۆ درێژەدان بە خوێندن لەگەڵ فێرخوازەكانیان، لە ڕێگەی مینبەری خوێندنی ئەلیكترۆنی ( (moodleكە ژینگەیەكی گریمانەیی خوێندن بۆ فێرخوازانی CUE دەڕەخسێنێ و دەتوانن لەمیانەیدا زانست و زانیارییەكانیان لە ڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە وەدەست بخەن."
مالح، ئاماژەی بەوە كرد:" CUE لە یەكەمینی زانكۆكانە لە عێراق و هەرێم كە ئامادەكارییەكانی تەواو كردووە بۆ درێژەدان بە خوێندن لە ڕێگای ئینتەرنێت، بەپێی مەرج و ڕێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم، بەمەش جەخت لەسەر پێشەنگایەتی خوێندنی باڵا لە هەرێم دەكات، لەژێر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی وەزارەت لە چەندین ڕووەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا لە پەیوەندیدایە و بەپێی ڕێنماییەكان پێشكەشی كردووە و چاوەڕێی ڕەزامەندیی فەرمییە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی فەرمی دەست بەم هەنگاوە بكات."
زانكۆی كاسۆلیكی لە هەولێر، ئەندامی كیانی جیهانییە بۆ دامەزراوەكانی خوێندنی كاسۆلیكی، كە دامەزراوەیەكی قازانجنەویستی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، بڕوانامە لە بوارەكانی: كار، زانستە پەروەردەییەكان، ئەندازیاری، تەكنەلۆژیای زانیاری، زانستە پزیشكی و تەندروستییەكان و زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكان دەبەخشێت و لە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كورستان و حكوومەتی فیدڕاڵی دانی پێدا نراوە.