بەهۆی بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری پلەكانی گەرما هاووڵاتیان بەلێشاو ڕوو لە چەم و روبارەكان دەكەن

ڕاپۆرت

12/08/2023     ژمارەی بینراو 237

راچڵەکین -

بەرزی پلەكانی گەرما لە عیراق و هەرێمی كوردستان، زۆر كات ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات، بەپێی ڕاپۆرتە جیهانییەكان هەندێك ناوچەی عیراق بەرزترین پلەی گەرمای هەیە لەسەر ئاستی جیهان كە 50 پلەی سەدی تێپەڕاندووە.

گوندی بێستان سوور لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی سەرچاوەی ئاوەكەیەوە، بووەتە شوێنی خۆفێنككردنەوەی هاووڵاتیان لە وەرزی هاویندا.

لەم وەرزەدا، مانگەكانی تەمووز و ئاب دوو مانگی گەرمن لە نیوەگۆی باكووری زەوی و زۆربەی شەپۆلەكانی گەرما لەم دوو مانگەدا دەبێت.


مانگی پێشوو كە مانگی تەممووز بوو، لە زۆربەی ناوچەكانی جیهان پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد، كە بەپێی زۆرێك لە ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوە جیهانییەكانی بواری كەشناسی، یەكێك بوو لە گەرمترین مانگەكانی تەممووز لەماوەی 100 ساڵی رابردوودا.

هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و كەمی كارەبای نیشتمانیی لەم وەرزەدا، بەشێك لە هاووڵاتیان بۆ بەسەربردنی كاتەكانیان و خۆ فێنككردنەوە، ڕوو لە سەیرانگاكان و ڕووبار و چەمەكان دەكەن.

گوندی بێستان سوور سەر بە ناحیەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی بوونی سەرچاوەی زۆری ئاوی سازگار و نزیكی لەشاری سلێمانییەوە، خەڵكێكی زۆر لەم وەرزی گەرمایەدا سەردانی دەكەن.

ئاریاس ئاوات محەمەد كە یەكێكە لەو كەسانەی لەگەڵ هاوڕێیانی سەردانی ناوچەكەی كردووە، باسی لەوەكرد كە لەتاو گەرما و بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش، هاتوون بۆ چەمی بێستان سوور.

ئاریاس باسی لەوە كرد كە ساڵانە خەڵكێكی زۆر سەردانی بێستان سوور دەكەن بۆ سەیران و گەشتوگوزار، بەڵام بە داخەوە خزمەتگوزاری نییە، ئەگەر هەیبێت ژمارەیەكی زۆرتر خەڵك سەردانی دەكەن و وتی:" بەهۆی گەرماوە هاتووین بۆ بێستان سوور، ئێرە كەشوهەوایەكی خۆشی هەیە، سەیرانگایەكی خۆشە، لەم گەرمایەدا مەلە دەكەین و خۆمان فێنك دەكەینەوە". 

بەرزی پلەكانی گەرما لە عیراق و هەرێمی كردستان، زۆر كات ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات، بەپێی ڕاپۆرتە جیهانییەكان هەندێك ناوچەی عیراق بەرزترین پلەی گەرمای هەیە لەسەر ئاستی جیهان كە 50 پلەی سەدی تێپەڕاندووە و پێشبینی دەكرێت تا چەند ڕۆژێكی دیكە بەردەوام بێت و كاریگەرییەكانی زیاد بكات.

ڕۆژی یەكشەی ڕابردوو، ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی، راگەیاندبوو، پێشبینی دەكرێت لە رۆژی دووشەممەوە پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان روو لە بەرزبوونەوە بكات و تا كۆتایی هەفتە بەردەوام بێت و پاشان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دووبارە روو لە دابەزین بكاتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن