گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك ئاسایشی ئاوی دانیشتووانی قەڵادزێ دەخاتە مەترسییەوە

ڕاپۆرت

18/08/2023     ژمارەی بینراو 187

راچڵەكین -

ماوەی پێنج رۆژە ئێران ئاوی زێی بچووكی گرتووەتەوە، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و دانیشتووانی شاری قەڵادزێ و دەوروبەری دروستكردووە، كە پشت بە سەرچاوەی ئاوی ئەو زێیە دەبەستن.

پرۆژەی ئاوی خاسە، كە لەسەر زێی بچووكە، بە یەكێك لە پرۆژە ستراتیجییەكانی شاری قەڵادزێ‌ دادەنرێت و ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی شارەكە دابین دەكات، كە نزیكەی ١٠٠ هەزار كەس دەبن.

بەهۆی گرتنەوەی ئاوی بەنداوی كۆلەسە لە شاری سەردەشت لە سنووری ئێران، ئاستی ئاوی زێی بچووك بەشێوەیەكی بەچاو دابەزیوە، بەوەش كێشەی كەمئاوی لە ناوچەكە سەریهەڵداوە و هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی ئاوی ناوچەكە دروستكردووە.

سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی ڕاپەڕین، لە لێدوانێكدا باسی لەوە كرد كە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی بەنداوی كۆلەسە، كێشەی زۆریان بۆ دروستبووە و وتی:" لە ئێستادا پرۆژەكەمان بە نیوەی توانای خۆی كار دەكات، ئەمەش وایكردووە كارمەندانمان شەو و ڕۆژ بخەنە سەریەك و ٢٤ كاتژمێر لە كاردابن بۆ ئەوەی بتوانن بەنداوی كاتیی دروستبكەن، چونكە ئەو بەربەستە كاتییانە دەتوانن ئەو ئاوە كەمەی هەیە بگێڕنەوە بۆ پرۆژەكەمان بۆئەوەی پرۆژەكە بە تەواوی نەوەستێت".

سەلام عومەر ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوە جاری دووەمە ئێران ئەو ئاوە دەگرێتەوە و رایگەیاند: گرتنەوەی ئاوی بەنداوی كۆلەسە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بەو شێوەیە بەردەوامە، ساڵانە لە مانگەكانی تەمووز و ئاب و ئەیلول، گرفتی ئاوی خواردنەوەمان بۆ دروستدەبێت، ئەمەش بووەتە حاڵەتێكی ئاسایی بۆ ئێمە، چونكە ئەم كێشەیە شەش ساڵە بەردەوامە.

سەبارەت بە چارەسەری كێشەكە، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی ڕاپەڕین باسی لەوە كرد كە چارەسەری بنەڕەتی كێشەكە بە دروستكردنی بەنداوێك دەبێت، "بەنداوی دەڵگە كە دەكەوێتە سەر پرۆژەی ئاوی خاسە لە قەڵادزێ، ڕەزامەندی حكومەتی عیراقی هەیە، ئەوە زۆر پێویستە و پرۆژەیەكی ستراتیجییە، هەركاتێك ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بكرێت، دەتوانین سەركەوتووبین لە پاراستنی ئاسایشی ئاو لەم ناوچەیە".

سەلام عومەر ئەوەشی خستەڕوو كە چەند جارێك لە رێگەی كەناڵە فەڕمییەكانەوە لە ئیدارەی ڕاپەڕین ئەو كێشەیەیان لەگەڵ بەپرسانی خۆجێیی ورمێ باس كردووە، وتی:" بەڵام ئەوان دەڵێن ئەو كێشەیە مەركەزییە و پەیوەندی بە تارانەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەكی بە ئیدارەی خۆجێییەوە نییە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن