ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئەمڕۆ سێشەممە یانەی چێڵسی ڕایگەیاند کە یەکێک لە ئەستێرەکانی تیپەکەی لە هێڵی ناوەڕاستدا نەشتەرگەری ئەژنۆی بۆ کراوە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە کارنی چوکویمیکا، ئەستێرەی یانەی چێڵسی، لە یاریی نێوان یانەکەی بەرامبەر بە وێستهام یونایتد تووشی پێکان بوو، بەهۆیەوە ناچار بوو یاریگا بەجێبهێڵێت.
چوکویمیکا، لە یارییەکەدا گۆڵی یەکسانکردنەوەی بۆ چێڵسی تۆمارکردبوو، پێش ئەوەی تیپەکەی بکەوێتە داوی شکستەوە بەئەنجامی (1-3).
چێڵسی لە بەیاننامەیەکدا کە لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە، کارنی چوکویمێکا لە یارییەکەمان بەرامبەر وێستهام یونایتد لە یەکشەممەدا تووشی پێکان بوو لە ئەژنۆی چەپیدا، دوێنێ نەشتەرگەری بۆ کرا و ئێستا چاکبوونەوەی دەستپێدەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یاریزانە تەمەن 19 ساڵەکە لە ماوەی چاکسازیدا لەگەڵ بەشی پزیشکی یانەکەدا کاردەکات.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای سپۆرت، چوکویمیکا بۆ ماوەی ٦ هەفتە لە یارییەکان ئامادە نابێت.