سوودانی زانیارییەك لەبارەی سپیكردنەوەی پارە ئاشكرا دەكات

عێراق

13/09/2023     ژمارەی بینراو 262

راچڵەكین -

سەرۆكوەزیرانی عیراق، رایدەگەیەنێت، حكومەتەكەی هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ جێبەجێكردنی چاكسازی لە دامەزراوە داراییەكاندا لە هەردوو كەرتی گشتیی و تایبەت، كە بەشێوەیەكی بەرچاو بوونەتە هۆی كەمكردنەوەی دیاردەی سپیكردنەوەی پارە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان محەمەد شیاع سوودانی و ئێلیزابێس ڕۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، بڵاوكردەوە، كە بەیاوەریی شاندێكی باڵا سەردانی بەغدای كردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا، هەماهەنگی هاوبەشی نێوان دامەزراوە داراییەكانی عیراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا تاوتوێ كراوە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی رێوشوێنەكانی حكومەتی عیراق كرا لە جێبەجێكردنی چاكسازییە دارایی و بانكییەكاندا بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

لە كۆبوونەوەكەدا سودانی ئاماژەی بەوەداوە كە بەردەوامن لە ئەنجامدانی چاكسازیی لە كەرتی بانكیدا، كە بنەمایەكی بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانی ئابووریی، ئەوەش لەڕێگای پشتبەستن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، جەختی لەوەشكردوە ئەم چاكسازییانە بەشێوەیەكی بەرچاو بوونەتە هۆی كەمكردنەوەی دیاردەی سپیكردنەوەی پارەو چارەسكردنی بازرگانی گوماناوی و سنوورداركردنی گەندەڵی.

سەرۆكوەزیرانی عیراق راشیگەیاندووە، هەنگاوی گەورەیان ناوە بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان لە دامەزراوە داراییەكاندا لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتدا.

لە بەرامبەردا، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، وێڕای ستایشی هەنگاوەكانی حكومەتی عیراق لە ئەنجامدانی چاكسازی دارایی و بانكی، ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشانداوە بۆ هاوكاریكردنی بەغدا لەبواری چاكسازی دارایی و بانكی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن