ناتانیاهۆ: ئامانجمان ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانە لەگەڵ سعودیە

جیهان

13/09/2023     ژمارەی بینراو 179

راچڵەكین -

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل هەوڵەكانی وڵاتەكەی بۆ فراوانكردنی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت، ئاساییكردنەوەی پەویەندییەكانمان لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە، دەبێتە هۆی گۆڕینی رووكاری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی.

بنیامین ناتانیاهۆ، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لە هەوڵەكانی ئیسرائیل بۆ فراوانكردنی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی كردو رایگەیاند: دەرفەتی گونجاومان هەیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی دیكەی عەرەبی بەمەبەستی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان.

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لەوەڵامی پرسیارێك كە ئایا رێككەوتنی ئاشتی، عەرەبستانی سعودیەش دەگرێتەوە، وتی:" لەگەڵ دۆستە ئەمریكییەكانمان لەهەوڵداین بۆ فراوانكردنی بازنەی رێككەوتنەكە، بەشێوەیەك كە روكاری ئیسرائیل و تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و كاریگەریی باشی لەسەر تەواوی جیهان دەبێت".

ئاماژەی بەوەشكرد كە هەنگاوی داهاتوویان بە ئاڕاستەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان دەبێت لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە، كە بەوتەی خۆی دەبێتە رێگەخۆشكەر بۆ گۆڕینی ژێرخانی ناوچەكە، ئیسرائیلیش دەبێتە سەرەتای ئەو پردەی كە گۆڕانكارییەكەی لێ دروستدەبێت.

لێدوانەكەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لەكاتێكدایە، بەپێی میدیاكانی ئەمریكا، جۆ بایدن سەرۆكی ئەو وڵاتە بەنهێنی هەوڵەكانی بەئامانجی رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و سعودیە چڕكردووەتەوەو پلانی داناوە لەساڵی داهاتوو هەردوو وڵات بگەنە رێككەوتنێك بۆ واژۆكردنی ئاشتی نێوانیان.

حكومەتی ئیسرائیل لەدوای ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ چەند وڵاتێكی عەرەبی، لەوانەش ئیمارات و بەحرێن و مەغریب و سوودان، چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتە ئاشكرایانكرد كە هەنگاوەكانی وڵاتەكەیان بەو ئاڕاستەیە بەردەوام دەبێت و ئامانجیشیانە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دیكەی عەرەبی ئاسایی بكەنەوە، لەوانەش عیراق و عەرەبستانی سعودیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن