وەزیری دارایی لەبارەی دابەشكردنی مووچە ڕوونكردنەوە دەدات

کوردستان

18/09/2023     ژمارەی بینراو 1570

راچڵەكین-

وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە مووچەخۆرانی ھەرێم كە ئەوان بە دابەشكردنی مووچەی مانگی (٧) دەست بەدابەشكردنی پارەكەی بەغدا دەكەن.

ئاوات شێخ جەناب، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند:" ئەمەی بۆمان دێت بەداخەوە تەمویلی مانگی ٧و ٨ و ٩ و ١٠ و ١١ و ١٢، نیە ئەوەی ئێمە وەك حكومەتی ھەرێم داوامانكردووە، بەڵكو ئەمە قەرزە، حكومەتی ھەرێمیش ئازادە بۆ چ مانگێكی خەرجدەكات".

لەپاش بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ ناردنی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ ھەریەكە لەمانگەكانی ٩ و ١٠ و ١١، ھەندێك لە میدیاكان ئەوەیان بڵاوكردەوە كە حكومەتی ھەرێم باز بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوت و ھەشت دا دەدات. لەبەرامبەر ئەو گومانانەدا وەزیری دارایی ھەرێم وتی" مووچەخۆرانی ھەرێم مووچەی مانگی ٧ و ٨ یان وەرنەگرتووەو ئێمە بە مووچەی مانگی (٧) دەستپێدەكەین و دوای ئەویش مووچەكانی مانگی (٨) و (٩)بەمووچەخۆران دەدەین".

ئاوات شێخ جەناب رونیشیكردەوە بۆ مووچەكانی مانگەكانی داھاتوتریش ئەم ماوەیە ھەوڵەدەین كێشەكان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق چارەسەربكەین.

وەزیری دارایی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:" ئەگەر بەغدا نیەتیان پاكبێت بەرامبەر ھەرێم، بەدڵنیاییەوە مووچەكانی تریش دەستەبەردەكەین و مووچەخۆرانی خۆمان دڵنیادەكەینەوە شەو رۆژ دەخەینە سەر بۆ دەستەبەركردنی مووچەكانیان و شایستە داراییەكانی ھەرێم".

وەزیری دارایی وتی ئەوەی پێویستە بۆ خەڵكی كوردستانی بخەینە روو ئەوەیە كە ئەو لایەنەی پابەندبوونی دەستوری و یاسایی كەوتۆتە سەری لایەنی ھەرێم نیە، بەڵكو حكومەتی فیدراڵیە، چونكە ھەرێم ھەموو پابەندبونەكانی خۆی جێبەجێكردووە، ھەرێم خۆی نەوتەكەی نافرۆشێت، بڕیاریشیان داوەو بەتەمان ھەموو داھاتی ناوخۆی ھەرێم بگوازنەوە بۆ بەغدا، ھەرێم دەرگای كردۆتەوە بۆ چاودێری دارایی عێراق، ئیتر ھیچ بیانوو و پاساوێكیان نیە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ببڕن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن