چۆن خۆت ڕادەهێنیت تیژڕەوی نەكەیت؟

هەمەڕەنگ

18/09/2023     ژمارەی بینراو 337

راچڵەكین-

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە بابەتێكی لەژێر ناونیشانی چۆن خۆت ڕادەهێنیت تیژڕەوی نەكەیت؟، بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، خێرایی لەكاتی شۆفێریكردن بەسەرەكیترین هۆكاری ڕووداوەكانی هاتوچۆ دادەنرێت، تەنانەت بەگوێرەی ئامارەكان، ئەو ڕووداوی هاتوچۆیانەی بەهۆكاری دیكە ڕوو دەدەن، بەدڵنیایی تیژڕەویش زەرەر و زیانە گیانی‌ و مادییەكان زیاتر دەكات، هاوكات ئەگەر شۆفێر لەسەرخۆ شۆفێریی بكات‌ و تیژڕەویی نەكات، دەتوانێت خۆی لەهەڵە‌ و ڕووداوی هاتوچۆی شۆفێرانی دیكە لەسەر شەقام‌ و ڕێگەوبان بپارێزێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بە وتەی شارەزایان شۆفێر دەتوانێت خۆی بپارێزێت لەڕووداوەكانی هاتوچۆ، ئەگەر لەسەرخۆ شۆفێریی بكات، تیژڕەویش خوویەكە پەیوەندی بەكەسایەتیمانەوە هەیە، كەواتە ئێمە دەتوانین بەمەشق‌و ڕاهێنان خۆمان زاڵ بكەین بەسەر ئەو حەز‌و خوو خولیایەدا‌و كۆنترۆڵی خۆمان بكەن‌ و واز لەتیژڕوەی بهێین.

بەپشت بەستن بەڕێنمایی‌و ئامۆژگاری پسپۆرانی تایبەتمەند، كۆمەڵێك ڕێنمایی‌و ئامۆژگاری بۆ شۆفێران دەخەینەڕوو، بۆ خۆ ڕزگاركردن لەخێرایی‌و تیژڕەوی لەڕێگەوبان:-

1- وێنەی كەسێكی خۆشەویست‌ و ئازیزت لەئۆتۆمبێلەكە دابنێ، بۆ نموونە بچوكترین منداڵت، بۆئەوەی هەمیشە بەهای ژیانی خۆت لەیادبێت‌ و بەهۆی خێراییەوە لەدەستی نەدەیت، بەبینینی وێنەكە هەست بەرپرسیارتیت لەبەرامبەر خۆت‌ و ئەوانی دیكە زیاتر دەبێت‌ و هەمیشە ئەوەت لەیادە كە خێزانەكەت چاوەڕوانی تۆ دەكەن، بەسەلامەتی بگەڕێیتەوە لایان.

2- كاتێك سواری ئۆتۆمبێلەكەت دەبیت‌و پشتێنی سەلامەتی دەبەستیت‌و خۆت ئامادە دەكەیت بۆ شۆفێریكردن، یەك خولەك بوەستە، لەبەرئەوەی ئەو ماوە كورتە واتە یەك خولەكە، هێور‌و ئارامت دەكاتەوە لەگەڵ دەستپێكردن‌و كاتی شۆفێریكردنیشدا.

3- هەمیشە لەكاتی شۆفێریكردندا گوێ لە گۆرانی ڕیتمی هێواش بگرە، هەرگیز گوێ لەو گۆرانیان مەگرە كە ڕیتمەكەیان خێرایەوە لەڕووی دەروونییەوە هانت دەدەن تیژڕەوی بكەیت، بە گوتەی شارەزایانیش گوێگرتن لە گۆرانی ڕیتمی هێمن‌ و هێواش، تەركیزی شۆفێر زیاتر دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دەنگی میوزیكەكە مامناوەند بێت‌ و بەرز نەبێت.

4- هەمیشە بیر لەسروشت‌ و پێشبینیەكانی ڕێگەوبان‌ و ئەو شەقامەی كە پێیدا تێپەڕ دەبێت بكەرەوە، بۆ نموونە پێشبینی بوونی ئۆتۆمبێل بكە كە لەلای ڕاست‌ و چەپی ڕێگەكەوە لەهەر ساتێكدا دێنە بەردەمت، یاخود ناوچەكە شوێنێكی نیشتەجێبوونی چڕە، یاخود تۆ نزیك دەبیتەوە لەخوێندنگەیەك، ئەمەش واتای بوونی منداڵ لەسەر شەقام، ئەمەش ناچارت دەكات خێراییەكەت كەمبكەیتەوە، بۆئەوەی تووشی كارەسات نەبیت.

5- هێمایەكی ڕوونی سور لەسەر پێوەری خێرایی ئۆتۆمبێلەكەت دابنێ، بەتایبەتی ئەوپەڕی خێرایی ناوشار، ئەم هێمایە وات لێدەكات هەمیشە چاودێری خێراییەكەت بكەیت‌و ڕەنگە سورەكەش وات لێدەكات هەست بەمەترسی بكەیت، لەكاتی تێپەڕاندنی خێرایی دیاریكراودا.

6- پسوڵەی دواین سەرپێچی خێراییت لەئۆتۆمبێلەكەتدا دابنێ، بەڵكو ببێتە ڕێگرێك بۆ تیژڕەوی نەكردنت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن