دژەتیرۆر زانیاری لەبارەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت ئاشكرا دەكات

کوردستان

18/09/2023     ژمارەی بینراو 1117

راچڵەكین -

بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر راگەیاندراوێك لەبارەی هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی عەربەت بڵاودەكاتەوەو ئاشكراشیدەكات لەئەنجامی بۆردومانەكە شەش پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەهیدو بریندار بوون.

 

لە راگەیەندراوەكەی دژەتیرۆردا هاتووە، لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێكردووە، كە بەچاوساغی نۆكەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام درا و بێ سزا تێناپەڕێت، هەر لایەن و جاسوسێك هاوكار بووبێت رووبەڕووی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەكەمانی دەكەینەوەو تۆڵەی شەهیدەكانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان  بەهەدەر بڕوات.

دەقی راگەیەندراوەكە:
 
ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ / ٩ / ٢٠٢٣  پاشنیوەڕۆ فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت  لە سلێمانی لەلایەن داگیركەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فرۆكەی بێ فڕۆكەوان كرایە ئامانج كە بەداخەوە 3 هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستان شەهیدبوون و 3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربوون.

وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و پرسەو سەرەخۆشیمان بۆ شەهیدبوونی هەڤاڵەكانمان هیوای زووچاكبوونەوەش بۆ بریندرەكانمان دەخوازین بۆ هەموولایەكیشی رووندەكەینەوە لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێكردوە كە بەچاوساغی نۆكەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام درا بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێك هاوكاربووبیت رووبەڕووی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەكەمانی دەكەینەوەو  تۆڵەی شەهیدەكانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان  بەهەدەربڕوات.

بۆ رایگشتی رووندەكەینەوە لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێكۆڵینەوەكان زانیاریەكان بە شاراوەیی دەهێڵینە وەو لەداهاتوودا راستتیەكان بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاشكرادەكەین.

هەزار سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و ئاسایش و ئارامی هەرێمەكەمان 

سەرشۆڕی و مەرگ بۆ نۆكەران و خیانەتكاران وناحەزانی گەلەكەمان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری كوردستان CTG


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن