سوودانی لەسەر كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دێتەدەنگ

عێراق

22/09/2023     ژمارەی بینراو 1343

راچڵەكین -

سەرۆكوەزیرانی عیراق، زانیاری لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: هیچ كێشەیەكی سیاسی لەنێوانماندا نییە، كێشە یاسایی و داراییەكانیش لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەركراون.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لە پەراوێزی سەردانەكەی بۆ نیویۆرك و بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، دیدارێكی لەگەڵ ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، سوودانی رایگەیاند: لەدوای كۆتایی هاتنی شەڕی دژ بە داعش، سەرەتایەكی باشمان لە وڵات دەستپێكردو شەڕەكەش بووە هۆی یەكگرتنی عیراقییەكان بەهەموو پێكهاتەكانییەوە.

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، سوودانی وتی:" هیچ كێشەیەكی سیاسی لەنێوان هەرێم و بەغدا نییە، تەنها هەندێ كێشەی یاسایی و دارایی لەئارادایە، كە ئەوانیش لەڕێگەی گفتوگۆو لێكتێگەیشتنەوە چارەسەركراوە".

سەرۆكوەوزیرانی عیراق جەختی لەوەكردەوە كە هەرێمی كوردستان لایەنێكی كاریگەرە لە پرۆسەی سیاسی و بەشێكی گرنگیشە لە پرۆژە ئابوورییەكانمان، كە بە سوودو قازانجی سەرجەم عیراقییەكان تەواو دەبێت.

سوودانی ئاماژەی بە مەترسیی هەندێ لایەن كرد لە گەڕانەوەی سیستمی سەرۆكایەتی لە عیراقدا، وتیشی:" هەرچەندە هەندێ لایەنی سیاسی پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە هەیە، بەڵام لەهیچ وڵاتێكی دەرەكی قبوڵ ناكەین ببێتە لایەنێك لە گۆڕانكاریی كیانی سیستمی سیاسی لە وڵاتەكەماندا".

سەرۆكوەزرانی عیراق باسی لەوەشكرد كە دەبێ جیاوازی بكرێت لەنێوان پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەیوەندی نەرێنێ كە كە بگاتە ئاستی دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆیی، وتیشی:" هەموو جۆرە دەستوەردان و دەستدرێژییەك بۆسەر عیراق رەتدەكەینەوە لەهەر لایەنێكەوە بێت".

سوودانی رایگەیاند: هەموو وڵاتیانی ناوچەكەو جیهان، بە ئەمریكاشەوە ئەگەر دەیانەوێ پەیوەندی لەگەڵ عیراق ببەستن، دەبێ رێز لە سەروەریی وڵات و ویستی گەلەكەمان بگرن.

لەبارەی پرۆسەی چاكسازیشەوە، سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەكرد كە یەكێك لە پلانەكانی حكومەتەكەی، بەرەەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، وتی:" بەشێك لەوانەی لە دزینی سەدە تێوەكلاون، هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریكی و بەریتانین، چاوەڕوانیشین ئەو دوو وڵاتە هاوكاریمان بكەن لە رادەستكردنەوەیان بە عیراق بەمەبەستی دادگاییكردنیان".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن