بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی كەركوك پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

18/11/2023     ژمارەی بینراو 487

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

راچڵەكین -

سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت: ئێمە كەركووكمان لە دڵماندا هەڵگرتووە، كەركووك هێڵە سوورەكەی ژیانی سیاسی و حزبیمانە، وەكچۆن لەرابردوودا خوێنمان بۆ رشت، لە داهاتووشدا هەر خۆمان پارێزەرە دڵسۆز و راستەقینەكەی دەبین.

 

ئەمڕۆ شەممە لە رێوڕەسمی ناساندنی كاندیدانی هاوپەیمانی كەركوك هێزو ئیرادەمانە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاوكردەوە، كە لەلایەن ئاسۆ مامەند، سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كەركوك هێزو ئیرادەمانە، خوێندرایەوە:

دەقی پەیامەكە:
 
ئامادەبووانی بەڕێز 

سڵاوی سەركەوتنی هاوپەیمانیی (كەركوك هێز و ئیرادەمانە) لە ئێوەی خۆشەویست دەكەم.

خۆشەویستان

هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، هاوپەیمانیی رەسەنی شاری كەركووك و كەركووكییە سەربەرزەكانە بە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانییەوە. بەرنەماكەشمان لەپێناو قووڵكردنەوەی ئەو تەبایی، پێكەوەژیان و ئاوەدانكردنەوەی شارە خۆشەویستەكەدایە.

ئێمە هەمیشە باوەڕی تەواومان بە هاوبەشیی و كاری پێكەوەیی هەبووە، ئەقڵییەتی خۆفەرزكردنمان لە بڕیار و بەڕێوەبردندا رەتكردووەتەوە و ویستوومانە هەموومان پێكەوە خزمەتی كەركووكی قودسی كوردستان بكەین.  ئێستاش هاوپەیمانیی كەركووك هێز و ئیرادەمانە، كۆتایی بەو سەردەمە دەهێنێت و چیتر بڕیار بۆ كەركووكییەكان نادرێت، بەڵكو خۆیان بڕیاردەر دەبن، چارەنووسی خۆیان هەڵدەبژێرن و شەڕ لەپێناو مافەكانیان دەكەن.

ئێمە مێژوویەكی درێژمان لەگەڵ خۆڕاگری و قارەمانێتیی كەركووكییە سەربەرزەكان هەیە، بۆیە دڵنیام ئێستاش بە هەمان ئیرادە و رۆحییەتەوە، بەرەو سندووقەكانی دەنگدان دەچن و ژمارە ١٤٢ی هاوپەیمانییەكەی خۆتان هەڵدەبژێرن، وە دەیسەلمێنن ئێوەن شەڕە راستەقینەكە بۆ كەركووك دەكەن و لە قەڵا دێرینەكەی خۆتانەوە مژدەی سەركەوتن بەگوێی هەموواندا دەدەن.

ئێمە كەركووكمان لە دڵماندا هەڵگرتووە، كەركووك هێڵە سوورەكەی ژیانی سیاسی و حزبیمانە، وەكچۆن لەرابردوودا خوێنمان بۆ رشت، لە داهاتووشدا هەر خۆمان پارێزەرە دڵسۆز و راستەقینەكەی دەبین. پێكەوە لەگەڵ ئێوەی دڵسۆز رووبەڕووی ئاڵنگارییەكان دەبینەوە و بەرامبەر مەترسییەكان دەوەستینەوە، تەعریب ریشەكێش دەكەین و خەونی بەدینەهاتووی دوژمنانی كەركووك لەباردەبەین. بۆ ئەمەش پێویستە دەنگ بە هاوپەیمانیی كەركووك هێز و ئیرادەمانە بدەن و قەڵغانێكی پتەوبن بۆ پاراستنی ئەو ئاشتی و پێكەوەژیانەی سەرۆك مام جەلال بناغەدانەری بوو و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.

بەڵێ بۆ سەركەوتن و دەنگدان بە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە

بەڵێ بۆ ئاشتی و ئاوەدانی

سەربەرزی و سەرفرازیش بۆ ئێوەی خۆشەویست

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن