توركیا بڕیارێك لەبارەی هاووڵاتییەكانی لە غەززە دەدات

جیهان

18/11/2023     ژمارەی بینراو 498

راچڵەكین -

حكومەتی توركیا بڕیاریدا سەرجەم هاووڵاتییەكانی لە كەرتی غەززە بگوازێتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات 44 هاووڵاتیی توركیا لەڕێی دەروازەی رەفەح-ەوە گەیشتنە میسر.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 44 هاووڵاتیی توركیا كە لە كەرتی غەززە گیریانخواربوود، دەرباز كران و لەڕێی دەروازەی سنوری رەفەح-ەوە گواسترانەو بۆ خاكی میسر.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، پرۆسەی گواستنەوەی هاووڵاتیانی توركیاو بەشە توركییەكەی قوبڕس لە كەرتی غەززە، بەردەوام دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت هەر ئەمڕۆ ژمارەیەكی دیكەیان لە كەرتی غەززەوە بەرەو میسر بگوازرێنەوە.

بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەكدارانی حەماس، كە لەڕۆژی 7ی مانگی رابردووەوە دەستی پێكردووەو تائێستاش بەردەوامە، ژمارەیەك هاووڵاتیی بیانی توانییان لە كەرتی غەززەوە بەرەو میسر بچن، كە 33 كەسیان هاووڵاتی توركیا بوون، بەڵام بەهۆی داخستنی دەروازەی سنووری رەفەح لەلایەن ئیسرائیلەوە، پرۆسەی گواستنەوەی بیانییەكان راگیرا.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەكردووە، ماوەیەكی زۆر بوو هەوڵەكانیان چڕكردبووەوە بۆ ئەوەی بتوانن هاووڵاتییەكانیان لە كەرتی غەززە دەرباز بكەن، جەختی لەوەشكردووەتەوە لە نزیكترین كاتدا ئەو هاووڵاتییە توركانەی گەیشتوونەتە میسر، دەگەڕێندرێنەوە بۆ توركیا.

دوای ئەوەی حكومەتی ئیسرائیل لەسەر داوای وڵاتانی جیهان رێگەیدا بە كردنەوەی دەروازەی سنووری رەفەح لەگەڵ میسر بۆ گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی نیشتەجێی غەززە بوون، تائێستا سەدان بیانی كەرتی غەززەیان جێهێشتووەو گەیشتوونەتە میسر، بۆئەوەی لەوێوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن