راچڵەكین -
وەزارەتی بەرگریی عیراق سەرجەم كاروبارەكانی تایبەت بە پێكهێنانی لیوای 20ی هاوبەش تەواو دەكات و بڕیارە مانگی داهاتوو دەستبەكاربێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە، ئەمشەو لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عیراق، لەبارەی لیوای 20 كۆبووەوەو بڕیاردرا تەواوی گرفتەكان بەلاوەبنرێت و فەرمانی دەستبەكاربونیان بۆ دەرچێت.
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیاردراوە تا رۆژی 1-12-2023، سەرجەم پێشمەرگەكانی ئەو لیوایە پەوەندی بكەن و مووچەی مانگی 12ش وەرگرن، هەر كەموكوڕییەكیش لەڕووی كارگێڕییەوە هەبێت، بخرێتە دوای دەستبەكاربوونیان.
لەمانگی ئابی 2021، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عیراق، گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراق، بۆ ئەوەی لەو ناوچانەی كە بۆشایین لەنێوان عیراق و هەرێمی كوردستان بڵاوبكرێنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لیوای 20ی هاوبەش، زیاتر لە سێ هەزار و 700 پێشمەرگە لەخۆدەگرێت و مووچە و پڕچەككردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عیراق دەبێت.