قوباد تاڵەبانی: پێویستە لەهەرێمی كوردستان دەستوورێكمان هەبێت

کوردستان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 73

راچڵەكین-

جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت،  دەستوورێكی هاوتەریب لەگەڵ بەغدا، بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە هەرچەندە كێشە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكات.

ئەمڕۆ دووشەممە، قوباد تاڵەبانی،لە پانێلی (پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و داهاتووی عیراق) لە چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەلەشاری دهۆك بەڕێوەدەچێـت رایگەیاند: " دەستوورێكی هاوتەریب لەگەڵ بەغدا، بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە هەرچەندە كێشە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكات ، دەشبێت پرسی فێدڕالیزم لە عیراق چارەسەر بكرێت، چونكە بەبێ چارەسەركردنی ئەو پرسە دەستووری كوردستانیش چارەسەر نابێت".

راشیگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لەلایەن عیراقەوە بۆ مافە دەستوورییەكانمان، دەستوور پێشێل كراوە، بەڵام بەشێكی ئەو پێشێلكارییەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان غیابی دەستوورمان هەیە".

جێگری سەرۆكی حكومەت راشیگەیاند: "بەڵێ كوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستوور كێشە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكات وەكو پرسی گرنگی بودجە و موچە كە بوونەتە كێشەی گەورە لە كوردستان، هەرچەندە كێشەكە لە دەستووری عیراق و زارەوەكانیدا ناو دەستوور نییە، پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە كە ئایا پێكهاتەكانی عیراق دەتوانن و دەیانەوێت پێكەوە بژین؟" 

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی رایگەیاند: "وەك كورد پێویستە پێش هەموو شتێك، نێوماڵی خۆمان یەكبخەین، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بكەین، بە پێچەوانەوە پێویستە ئەو پەیوەندیانە بەهێزتر بكەین، هەروەها پێویستە پرسی فیدراڵیزم لە عیراق چارەسەر بكرێت، چونكە بەبێ چارەسەركردنی ئەو پرسە دەستووری كوردستانیش چارەسەر نابێت و ئەم كێشانە پێكەوە بەستراون".

لەبارەی فیدراڵیزمیشەوە جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: "پێكهاتەكانی عیراق بەشێوەیەكی جیاواز پێناسەی فیدراڵیزم دەكەن  دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵیش دەبێتە هۆی بوونی هاوسەنگی لەنێوان پێكهاتەكانی عیراقدا، بەبێ ئەنجومەنی فیدراڵیش ئەكرێ سیستمی فیدرالیزم لە عێراق جێبەجێ بكرێت، هاوكات پێویستە گفتوگۆی راستگۆیانە لەبارەی داهاتووی عیراقەوە هەبێت"

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن