وادەی ناردنی 700 ملیار دینارەكەی بەغدا بۆ هەرێم ئاشكرا دەكرێت

ئابوری

22/11/2023     ژمارەی بینراو 1241

راچڵەكین -

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەكەی بەغدا دەخرێتە سەر هەژماری تایبەتی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، بە میدیاكانی نزیك لە پارتی راگەیاندووە، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 10 مان رادەستی نووسینگەی سەرۆكوەزیران و وەزارەتی دارایی و چاودێری دارایی عیراق كردووەو وەكو حكومەتی هەرێمیش دەستمان بە رێككارە ئیدارییەكانی ناردنی دوا بەشی سێیەمی 700 ملیار دینارەكەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە.

لەبارەی وادەی گەیشتنی پارەكەش، فارس عیسا وتی:" هەفتەی داهاتوو پارەكە دەخرێتە سەر هەژماری تایبەتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان".

پێشتریش، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، ئەوەی لەسەر شانی حكومەتی هەرێم بووە بۆ دابینكردنی مووچە و ناردنی 700 ملیار دینارەكە، جێبەجێی كردووە، بۆیە بەپێی وادە دەبێت تا كۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، 700 ملیارەكە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان.

لەبارەی ناردنی سێ مووچەی دیكەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغدا رایگەیاندووە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە نامەیەكدا داوای لە سەرۆكوەزیرانی عیراق كردووە، ئەو سێ مووچەیە هاوشێوەی بەشەكانی دیكەی عیراق بنێرێت، چاوەڕێی وەڵامی بەغداین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن