راچڵەكین-
بەرپرسێكی ئەمریكایی باس لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە دەكات كە بووە هۆی كوژرانی سێ سەربازی ئەمریكایی لە ئوردن.
ماڵپەڕی "پۆلیتیكۆ" لە زاری ئەو بەرپرسە ئەمریكاییەوە بڵاویكردووەتەوە، "لەئێستادا چەند بژاردەیەك هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی بووە مایەی كوژرانی سێ سەربازی ئەمریكایی لە ئوردن".
پێشتر لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاندبوو، ئەمریكا دەستەوستان نابێت بەرامبەر بە هێرشەكانی سەر هێزەكاننیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وەڵامیان دەبێت.
هەروەها جۆر بایدن سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، هێرش و پەلاماری سەر هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن ئەو گروپە چەكدارانی سەر بە ئێرانن و لە سوریا و عیراق چالاكیان هەیە، ئەنجامدراون.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا رایگەیاندبوو، لە هێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەواندا كە بنكەیەكی لە باكووری خۆرهەڵاتی ئوردن كردبووە ئامانج، 3 سەرباز كوژران و 25 سەربازی تر برینداربوون، پنتاگۆنیش رایگەیاند، هێرشی سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ئوردن، پەرەسەندنێكی مەترسیدارە.