دوای 18 ساڵ هۆشیار زێباری لەسەر لەسێدارەدانی سەدام حسێن دەدوێت

ڕاپۆرت

22/02/2024     ژمارەی بینراو 838

راچڵەكین- ئاسۆ شەیدا

وەزیری پێشووتری دەرەوەی عیراق دەڵێت، ئەو شێوازەی سەدام حسێن-ی سەرۆكی رژێمی رووخاوی بەعسی پێ لەسێدارە درا" قێزەون" بوو. دەشڵێت:" ئەوە وایكرد پێگەیەكی پێبدرێت كەشایستەی نەبوو"

سەرباری تێپەڕبوونی 18 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی، بەڵام تائێستا چەندین پرسیار هەن لەسەر چارەنووسی تەرمی سەدام حسێن-ی سەرۆكی رژێمی بەعسی ڕووخاوو، شوێنی ناشتنی، هاوكات هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووتری دەرەوەی عیراق رەخنە لەشێوازی لەسێدارەدانی سەدام حسێن دەگرێت كەلەیەكەم رۆژی جەژنی قورباندا لە 30ی كانونی یەكەمی 2006 ئەنجامدرا.

هۆشیار زێباری لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شەرقولئەوسەت، ئاماژەی بەوەكردووە، سەرباری ئەو تاوانانەی سەدام حسێن دژ بەگەلی عیراق ئەنجامی دابوون، بەڵام ئەو شێوازە قێزەونەی پێی لەسێدارەدراو كاتەكەی، وایكرد پێگەیەكی پێ بدرێت كە شایستەی نەبوو.

زێباری دەشڵێت، بەهۆی چالاكی سیاسیانەوە، سەدام حسێن سێ برای لەسێدارەداوەو لەماوەی ژیانیشیدا چاوی پێی نەكەوتووە، بەڵام شێوازی سزادانەكەی سەدام هەستێكی وای لای هەندێك دروستكرد كەستەمی لێكرابێت.

لەبارەی شوێنی ناشتنی تەرمەكەی سەدام حسێن، هۆشیار زێباری بە شەرقولئەوسەت-ی وتووە، كەسوكارەكەی داوایانكرد تەرمەكەیان رادەستبكرێتەوە تا لەتكریت بەخاكی بسپێرن، دەسەڵاتی ئەو كاتیش رەزامەندی لەسەر ئەو داوایە دا، بەڵام دواتر چەندین دەنگۆی جیاواز لەبارەی تەرمەكەی بڵاوكرانەوە.

 

بەڵام وەزیرەكەی پێشووی عیراق دڵنیایی نەدا لەوەی لەئێستادا تەرمەكەی سەدام حسێن لەناو عیراقدا بێت یاخود لەلایەن بەعسییەكانەوە برابێتە دەرەوەی عیراق، ئاماژەی بەوەشكرد، هەندێك لەلایەنگرانی حزبی بەعس و لەنێویاندا رەغد-ی كچە گەورەی لەوبڕوایەدان كە تەرمەكەی سەدام حسێن برابێتە دەرەوەی عیراق بۆ ئەوەی لەلایەن نەیارانییەوە نەشێوێنرێت.

هۆشیار زێباری، رەتیكردەوە پەشیمان بن لە رووخاندنی رژێمی بەعس لەعیراق و ئاماژەی بەوەكرد، هەڵێكی زێرین و راستەقینەمان لەبەردەستدا بوو بۆ گۆڕینی عیراق، بەجۆرێك ببێتە یەكێك لەچیرۆكە سەركەوتووەكانی ناوچەكە.

رۆژی 20ی ئاداری 2024، 21 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر راگەیاندنی پرۆسەی ئازادی عیراق لەلایەن جۆرج بوش-ی سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا، كە تیایدا زیاتر لە 150 هەزار سەربازی ئەمریكاو 40 هەزار سەربازی بەریتانیا بەپاساوی هەبوونی چەكی كیمیایی، پێیان خستە ناو خاكی عیراق، ئەو چەكەی سەرباری بەكارهێنانی دژی گەلی كورد لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاو، بەڵام تائێستا نەدۆزراوەتەوە.

دوای سێ هەفتەش لەدەستپێكردنی پرۆسەكە، لە 9ی نیسانی هەمان ساڵ، رژێمی بەعس لەعیراق رووخێندراو كۆتایی بەهەژموونی هێنرا، لەو بەروارە بەدواوەو بۆ ماوەی هەشت مانگ سەدام حسێن لەبەرچاوان وونبوو، تا لە 13ی كانوونی یەكەمی 2003 هێزەكانی ئەمریكا لەئۆپراسیۆنێكدا بەناوی " بەرەبەیانی سوور"، پشتبەستوو بەو زانیاریانەی لەلایەن (كۆسرەت رەسول عەلی) پێیاندرا كە ئەوكات جێگری سەرۆكی هەرێم و لەهەمانكاتدا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو ، سەدام حسێن-یان لە گوندێكی تكریت دەستگیركرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن