راچڵەكین-
محەمەد داینی، یاریدەدەری سكرتێری گشتیی پارتی "صدی المواطن"رایدەگەیەنێت، بڕیاری هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ بۆ پەرلەمان لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییە، نەك سوننەكان، بوونی ئاراستەیەكی نێودەوڵەتیش ئاشكرا دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان و گەڕاندنەوەی و بوونی بە چەند پارێزگایەك.
داینی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق، لە میانی بەشداریی لە بەرنامەیەكی تەلەفیزیۆنی كەناڵی "سومەریە" رایگەیاندووە:"بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بڕیارێكی ژیرانە و بوێرانە بوو بۆ لەسەركارلابردنی محەمەد حەبوسی، بەڵگەی تەواویش لەو رووەوە لەبەردەست بوو".
بە وتەی داینی:"شیاو نییە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان دوابخرێت، لەئێستاشدا بڕیارەكە لە دەستی چوارچێوەی هەماهەنگییە نەك سوننەكان، بەڵگەش بۆ ئەوە بردنەوەی كەریم شەعلان بوو لە قۆناغی یەكەم كە چووە بەردەم دادگای فیدراڵی، بەڵام وەك پەرلەمانتار قبوڵكرا نەك سەرۆك، ناكۆكییەكان لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی پرۆسەی سیاسی دووچاری تەنگژە كردووە، سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هێندەی تر ناكۆكییەكانی قوڵتركردووەتەوە".
محەمەد داینی دەڵێت:"فەرمانگەكانی دەوڵەت پێكهاتەی سوننەیان تێدا نەماوە، بەجۆرێك كە لە جاران زیاتر دووچاری پەراوێز و دوورخستنەوە بووە، ئەمەش بۆ لاوازیی سیاسییەكانی ئێستای سوننە دەگەڕێتەوە"، لە كۆتایی قسەكانیشیدا، ئاماژەی بە بوونی ئاراستەیەكی نێودەوڵەتی كرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان و بوونی بە چەند پارێزگایەك.