لەشارێكی عیراق خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەستیپێكرد

عێراق

05/03/2024     ژمارەی بینراو 428

راچڵەكین -

لەكاردانەوەی دادگاییكردنی پەرلەمانتارێكی عیراق، ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی شاری نەجەف رژانە سەر شەقامەكان و بە سوتاندنی تایەو گرتنی شەقامێكی سەرەكیی، ناڕەزاییان دەربڕی و داواشان لە سەرۆكی ئەنجمنی بالای دادوەریی كرد، دەستبەجێ فەرمانی دادگاییكردنی پەرلەمانتارەكە هەڵبوەشێنێتەوەو ئازادی بكات.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای تاوانەكانی كەرخ-ی تایبەت بە دۆسییەكانی گەندەڵی، لەسەر سكاڵای هەریەك لە وەزارەتی بازرگانی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، فەرمانی شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەر هادی سەلامی، پەرلەمانتاری سەربەخۆو نوێنەری پارێزگای نەجەف لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەپاند، ناڕەزایی لەشاری نەجەف دروستبوو.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، ژمارەیەكی زۆر لە لایەنگرانی پەرلەمانتار هادی سەلامی، رژانە سەر شەقامەكانی شاری نەجەف و بە سووتاندنی تایەو گرتنی شەقامێكی سەرەكیی شارەكە، ناڕەزاییان بەرامبەر دەستگیركردنی ئەو پەرلەمانتارە دەربڕی.

خۆپیشاندەرەكان لە پەیامێكدا داوایان لە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق كرد، دەستبەجێ پەرلەمانتارەكە ئازاد بكرێت و فەرمانی دادگاییكدرنەكەشی هەڵبوەشێندرێتەوە.

ئەو خۆپشاندەرانە هەڕەشەی گرتنبەرەی رێوشوێنی توندتریشیان كرد ئەگەر پەرلەمانتارەكەیان ئازاد نەكرێت.

دەستگیركردن و دادگاییكردنی پەرلەمانتار هادی سەلامی، كاردانەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی لێكەوتەوەو لە نوسراوێكدا كە بەواژۆی موحسین مەندەلاوی، ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی كراوە، ئاماژە بەوەكراوە پەرلەمانتار هادی سەلامی پارێزبەندیی پەرلەمانیی هەیەو بەپێی دەستور ناكرێت لەماوەی كاری پەرلەمانتاریدا دەستگیر و دادگایی بكرێت بەبێ هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن