ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێك لەبارەی ئەفغانستان دەردەکات

جیهان

16/03/2024     ژمارەی بینراو 193

راچڵەكین -

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیار دەدات مانەوەی نێردەی دیپلۆماسیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەفغانستان بۆماوەی یەك ساڵی دیكە درێژ بكاتەوە.

ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەكۆی دەنگ بڕیاریاندا ماوەی مانەوەی نێردەی دیپلۆماسیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەفغانستان، ناسراو بە (یوناما) بۆ ماوەی یەك ساڵی درێژ بكرێتەوەو تا 17-3-2025 لەكارەكانیان لەو وڵاتە بەردەوام بن.

یوناما، كە كورتكراوەی ناوی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكانە بۆ ئەفغانستان، لەساڵی 2002 بەبڕیاری ژمارە 1401ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دامەزراوە، بارەگای سەرەكیی لە شاری كابول-ی پایتەختی ئەفغانستانەو نزیكەی هەزارو 200 كارمەندی هەیە كە لەبوارە جۆراوجۆرەكاندا لەو وڵاتە كاردەكەن.

لە یەكەم كاردانەوەدا بەرامبەر بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش، زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حكومەتی تاڵیبان، رایگەیاند: بڕیارەكە هەنگاوێكی ئەرێنییە بەئاڕاستەی پتەوكردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی ئەفغستان لەگەڵ وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.

وتەبێژی حكومەتی تاڵیبان ووتیشی:" وڵاتەكەمان پێویستییەكی زۆری بە باشتركردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەتیش لەگەڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان".

پێشتر نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی بە حكومەتی تاڵیبان دابوو لەئەگەری بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان و پێشێلكردنی مافی ژنان و رێگریكردن لە كاركردنیان، نێردە دیپلۆماسییەكەی دەكشێنێتەوەو پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان دەپچڕێنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن