راگەیەندراوێك لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی-یەوە

کوردستان

20/03/2024     ژمارەی بینراو 428

راچڵەكین-

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت" چاومان لەسەركەوتنێكی گەورەی  یەكێتیی نیشتمانیی  كوردستان و ئەزموونی گەلەكەمانە تاكو رێڕەوی حوكمڕانی ڕاست بكەینەوە"

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و جەژنی بەهار و تاجی راپەرین بڵاوكردەوە و رایگەیاند:"نەورۆزی ئەمساڵمان، مژدەی قۆناغێكی تری خەباتی مەدەنی هێناوە كە هەڵبژاردنی  پەرلەمانی كوردستانە،  بۆ ئەم ئەركەی خەبات بەگیانی ئازادیخوازانەی نەورۆزی دێرین وجۆش و خرۆشی راپەڕیەنەوە چاومان لەسەركەوتنێكی گەورەی  یەكێتیی نیشتمانیی  كوردستان و ئەزموونی گەلەكەمانە تاكو رێڕەوی حوكمڕانی ڕاست بكەینەوە".

دەقی پەیامەكە:

بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و  ساڵی نوێی كوردی (٢٧٢٤) ، یادی تاجی راپەڕینی رزگاری كەركوكی قودسی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین ،ئومێدەوارین نەورۆزی ئەمساڵ مژدەی گۆرانكاریی دیموكراسیی و هەڵبژاردن  لەپێناو خزمەتكردنی باشتری گەلەكەمان و ژیان و گوزەرانیان بەدوای خۆیدا بهێنێت .

نەورۆز لە دیرۆكی گەلانی نەورۆزخوازدا جەژنی بەهار و نوێبوونەوەی سروشت و ژیانە ، لە ژیانی نەتەوەی كوردیشدا بەتایبەتی  جەژنی ئازادی و سەرفرازی هێمای خەباتە بۆ بەگژداچونەوەی زوڵم و ستەمكاری، لە وێستگەی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١یشەوە جەژنێكی سەرباری ئازادی نیشتمانییە كە رۆژی رزگاری كەركوكی قودسی كوردستان و   تاجی سەركەوتنی راپەرینە  .

نەورۆزی ئەمساڵمان، مژدەی قۆناغێكی تری خەباتی مەدەنی هێناوە كە هەڵبژاردنی  پەرلەمانی كوردستانە،  بۆ ئەم ئەركەی خەبات بەگیانی ئازادیخوازانەی نەورۆزی دێرین وجۆش و خرۆشی راپەڕیەنەوە چاومان لەسەركەوتنێكی گەورەی  یەكێتیی نیشتمانیی  كوردستان و ئەزموونی گەلەكەمانە تاكو رێڕەوی حوكمڕانی ڕاست بكەینەوە، گوزەران و ژیانێكی شایان و سەرفرازتر،   بێ جیاوازی و جیاكاری لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا  فەراهەم بكەین .

جارێكی تر جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و ساڵڕۆژی سەركەوتنی راپەرین  بەرز و پیرۆز بێت .

مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن