پارتی نوێترین هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەشداریكردن لەهەڵبژاردن ئاشكرا دەكات

کوردستان

01/04/2024     ژمارەی بینراو 865

راچڵەكین-

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەكان قبوڵ ناكات.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەڕوونكردنەوەیەكدا كە ئەمشەو بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەزگایەكی میدیایی هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە پارتی داوای دواخستنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ كاتێكی تر كردووە بۆ ئەوەی بە هەمان مەرج و ڕێوشوێن و یاساكانی ئێستا، بەشداری لە هەڵبژاردن بكات.

"لێرەدا ڕایدەگەیەنین كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەكان قبوڵ ناكات و بە پێویستی دەزانێ هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و ڕاست بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد و دەستووری بەڕێوە بچێت و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە مافی دەنگدانیان هەبێت و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش دەستكاری نەكرێن."

 مەحمود محەمەد دەڵێت:" دواخستنی هەڵبژاردن وەك بژاردەیەك لەگەڵ پارتی باس كراوە بو ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بكات و لێرەوە دووپاتی دەكەینەوە كە پارتی هەمیشە لە گەڵ هەڵبژاردنێكی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێ ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەكنیكیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن