١٠٠ هەزار خۆپیشاندەری ئیسرائیلی داوای دەرکردنی ناتانیاهۆ دەکەن

جیهان

07/04/2024     ژمارەی بینراو 273

راچڵەکین-


نەیارانی ناتانیاهۆ لە ئیسرائیل دەڵێن ١٠٠ هەزار خۆپیشاندەر لە شەقامەکانی تەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە داوای دەرکردنی ناتانیاهۆ لە پۆستەکەی دەکەن، داواش دەکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ژێردەستی حەماس ڕێککەوتن بکرێت. هاوکات دەڵێن پێویستە هەڵبژاردنی بەپەلە بکرێت بۆ گۆڕینی حکومەتەکەی ئێستا.

ئەم خۆپیشاندانانەی ئیسرائیلییەکان دوای ئەوە دەستیپێکرد کە هەواڵێک لەسەر دۆزینەوەی تەرمی بارمتەیەکی ئیسرائیلی بەمردوویی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە غەززە بڵاوکرایەوە. ئەو کەسە یەکێک بوو لەو بارمتانەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر(یەکەم ڕۆژی شەڕەکە) بەدیلی گرتبوو.

نزیکەی ١٣٠ بارمتەی ئیسرائیلی لای حەماسە و حکومەت تا ئێستا نەیتوانیوە ئازادیان بکات، ئەمەش تووڕەیی خەڵکی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە.

بڕیارە بەئامادەبوونی سەرۆکانی "سی ئای ئەی" و "مۆساد"، بەبەشداربوونی سەرۆکانی میسر و قەتەر لەگەڵ لیژنەیەک لە حەماس دانوستانەکان لە قاهیرە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست دەستپێبکاتەوە.

هێرشەکەی ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کوژرانی نزیکەی ١٢٠٠ کەسی لێکەوتەوە.

ماوەی شەش مانگە شەڕی هەردوو لا بەردەوامە و تا ئێستا ئیسرائیل نزیکەی ٣٣ هەزار کەسی لە کەرتی غەززە کوشتووە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل ٢٥٣ هاوڵاتی ئەو وڵاتە لەگەڵ چەند هاوڵاتییەکی وڵاتانی دیکە لە حەوتی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە بەبارمتە گیران.

هێشتا ١٢٩ بارمتە نادیارە و لایکەم ٣٤ کەسیان بەمردوو دەستنیشانکراون. کە تا ئێستا تەرمی ١٢ کەسیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە غەززە دۆزراوەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن