یەكێتی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری چی دا؟

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 303

راچڵەكین-

لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەبەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچوو، جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا كرایەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لەكۆبوونەوەكەدا جەخت لە هەڵوێستی یەكێتی سەبارەت بە ئەنجامدانی هەلبژاردن لەوادەی خۆیدا كرایەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا، لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشبكرێن".

وتیشی:" لەئێستادا ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەرێت، بۆ ئەمەش پێویستە هەرێمی كوردستان، حكومەت و پەرلەمانێكی كارای هەبێت، كە توانای بەرەنگاربوونەوەی لەگەل حاڵەتە نەخوازراوەكاندا هەبێت، لەو روانگەیەشەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەئكید لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكاتەوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەی روونكردەوە:" نەك تەنها یەكێتی بەڵكو زۆربەی حزب و لایەنەكانی دیكەی هەرێم داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەكەن، ئەمەش لەكاتێكدایە، هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكانیشمان هەمان داوایان هەیە".

سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند:" حكومەت و پەرلەمانێكی كارا لەهەرێمی كوردستان كاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزكردنی پێگەی هەرێم و برەودان بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا و وڵاتان، هاوكات دەرگایەك بەڕووی چارەسەری كێشەكان و كەمكردنەوەی قەیرانەكان لەهەرێم دەكاتەوە، پێشمانوایە لەئێستادا هیچ رێگرییەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە و ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت پرۆسەی دیموكراسی لەهەرێم لاوازدەبێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن