ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 134

راچڵەكین -

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی ینشتمانیی كوردستان، رایدەگەیەنێت: هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێكە تا ئاڵوگۆڕی دیموكراتیانە لە دەسەڵات و نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوەو راگەیەندراوێكیش لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاوكرایەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتی هەڤاڵ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆبووەوە و تەئكیدی لەسەر تەواوكردنی ئامادەكاری یەكێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستان لە وادەی خۆی لە رۆژی ١٠ ی ٦ ی ٢٠٢٤، كردەوە.

سەرەتای كۆبوونەوەكە كە ئەمڕۆ (١٨-٤-٢٠٢٤) لە هۆڵی كۆبوونەوەكان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرۆكی یەكێتی دوا پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی كوردستان ، عیراقی روونكردەوە و هەڵوەستەی لەسەر پێگەی روو لە گەشەكردووی یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرد و رایگەیاند ئەمە بەرئەنجامی یەك گوتاری و یەك دەستی سەركردایەتی و راست و دروستی سیاسەتەكانی یەكێتییە كە بۆتە جێی ئومێدی میللەتەكەمان و پشتیوانی دۆستانی ئەزموونەكەمان.

كۆبوونەوە گفتوگۆی هەمەلایەنە و تێرو تەسەلی لەسەر ئامادەكارییەكانی مەكتەبی هەڵبژاردن و كاری لیژنەكان كرد، هەروەك هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ بەرنامەو گوتاری سیاسی یەكێتی لە كەمپینی هەڵبژاردن لەسەرجەم شار وشارۆچكەكانی هەرێم ئەنجام دا.

هەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە تێروتەسەلی بیروڕای خۆیان خستەڕوو كە گەشەكردنی ئەزموونی نیشتمانییمان، پاراستن و بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، دابینكردنی ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ هاوڵاتیان تەنها لەڕێی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەوادەی خۆیدا دێتەدی، كە پەرلەمانێكی بەهێز و حكومەتێكی پتەو و خزمەتگوزار بێنێتە كایەوە، ئەوەش بۆ راستگۆیی بزوتنەوەی سیاسی و داهاتووی گەلەكەشمان گرنگە.

بە تایبەتی كە هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێكە تا ئاڵوگۆڕی دیموكراتیانە لە دەسەڵات و نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بكرێت و لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی عێراقیشدا بەسەربەرزیی و یەكڕیزییەوە پێداگری لەسەر ئیستحقاقە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەكانی خۆمان بكەین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن