ئاسایش تۆمەتبارێكی داواكراو دەستگیر دەكات

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 143

راچڵەكین -

تۆمەتبارێكی داواكراو لەلایەن ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانییەوە دەستگیر دەكرێت، كە چوار ئۆتۆمبێلی دزیوەو تەقەشی لە هێزەكانی ئاسایش كردووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، رۆژی 14ی ئەم مانگە، تۆمەتبارێكیان لە قەزای چەمچەماڵ دەستگیركرد، كە لەلایەن دادگاوە داواكراو بوو.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تۆمەتبارەكە ناوی (پ.ف.ح) لەدایكبووی 2000ە، چەندین پێشینەی تاوانی دزیكردنی ئۆتۆمبێل و هەڵكوتانە سەر هاووڵاتیان و سەرانە وەرگرتن و تەقەكردن لەمەفرەزەكانی ئاسایشی هەبووە و لەسەر رێگای (ناحیەی شۆڕش و سەنگاو و قەزای كەلار)، بە زەبری چەك چەندین ئۆتۆمبێلی لەهاووڵاتیان سەندووە و بووەتە هۆی دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتیان و رێبوارانی سنوورەكە.

ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، دوای دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە و دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەكان، سەرجەم ئۆتۆمبێلە دزراوەكان لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانییەوە رادەستی خاوەكانیان كرایەوە، لەئێستاشدا تۆمەتبار بەماددەكانی (443، 441، 446) لەیاسای سزادان دەستگیركراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن