ئاژانسی وزەی ئەتۆم زانیاری لەبارەی بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران بڵاودەكاتەوە

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 277

راچڵەكین -

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رەتیدەكاتەوە هیچ زیانێك لەئەنجامی هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆسەر ئێران، بە پێگە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە گەیشتبێت و داواش لەهەموو لایەنێك دەكات دان بەخۆیاندا بگرن و كاردانەوەی زیاتر نەنوێنن.

لەراگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاشكرایكرد، شوێنە ئەتۆمییەكانی ئێران پارێزراون و هیچ زیانێكیان پێنەگەیشتووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بە درۆن هێرشكرایە چەند پێگەیەكی سەربازیی لە شاری ئەسفەهانی ناوەڕاستی ئێران و دەنگی چەند تەقینەوەیەكیش بیستران.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران پشتڕاستی كردەوە كە هیچ دامەزراوەیەكی ئەتۆمی لە شاری ئەسفەهان نەكراوەتە ئامانج و هێرشەكە كاریگەری لەسەر نەبووە.

لەدوای هێرشەكە، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: نابێت بە هیچ شێوەیەك دامەزراوە ئەتۆمییەكان ببنە ئامانج لە ململانێ سەربازییەكاندا.

وتیشی:" بە وردی چاودێری دۆخەكە دەكەین و داواش لە هەموو لایەنەكان دەكەین ئەوپەڕی دانبەخۆیاندا بگرن و كاردانەوەی زیاتر نەنوێنن".

هاوكات، ئاژانسی هەواڵی مێهر-ی ئێران بڵاویكردەوە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی، سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بچووكی لە ئاسمانی پارێزگای ئەسفەهان تێكشكاندووە، دەنگی ئەو تەقینەوەیەش بەهۆی تێكشكاندنی درۆنەكانەوە بووەو هیچ شوێنێك نەكراوەتە ئامانج.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن