سودانی لە ئەمریکاوە باسی چەند پرسێکی هەرێمی کوردستان دەکات

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 268

راچڵەکین-

سەرۆكوەزیرانی عیراق لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە ئەمریکاوە لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان قسەی کرد. لە بەشێکی قسەکانی دەڵێت، ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت كێشەی مووچەی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان درووستكرد.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق ڕایگەیاند:" كێشەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق سیاسی نین و یاسایی و هونەریین، هیوادارم بتوانین بەردەوام بین لە دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، نامانەوێت كێشە یاسایی و تەكنیكییەكان بۆ سیاسی و هەڕەشەی سەر قەوارەكان بگۆڕێت".


دەشڵێت، ئێمە دەمانەوێت هەرێمی كوردستان سەقامگیر بێت و حكومەتی فیدراڵی هەوڵیداوە بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئارام بێت و بەردەوام دەمانەوێت پەیوەندییمان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

سەرۆکوەزیرانی عیراق لەسەر پرسی مووچە ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و داهاتی نەوتی و نانەوتی خۆی رادەست بکات، رێژەی 12.67٪ی بودجەی عیراقی دەدرێت.


باسی لەوە کرد، کە بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، مووچەکانی مانگی شوبات و ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانمان نارد.

سودانی رایگەیاند، هیوادارن رێوشوێنەکانی بەنیشتیمانیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام بێت تاوەکو بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکرێت.

لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستانیشەوە دەڵێت "پارەی تەواومان تەرخان کردووە و کۆمسیۆنمان راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان".

سەرۆکوەزیرانی عیراق لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمەوە دەڵێت، "ئێمە لە حکومەتى فیدراڵی ناتوانین کرێی 26 دۆلار بۆ یەک بەرمیل نەوتیی هەرێمی کوردستان خەرجبکەین، چونکە هیچ پشتگرییەکی یاسایمان نییە".

باسی لەوەشکرد، "دوو رێگە چارەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو، یان دەبێت گرێبەستە نەوتیییەکان هەمواربکرێنەوە، یاخود دەبێت بودجە هەموار بکرێتەوە".

سودانی جەختی لەوە کردەوە :" دەبێت هەرێمی كوردستان داهاتی نەوت و نانەوتی ڕادەست بكات".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن