ئەمریكا رەتیدەكاتەوە هێرشی كردبێتە سەر حەشدی شەعبی

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 155

راچڵەكین-

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا (سێنتكۆم) رەتیكردووەتەوە پەیوەندیان بەو هێرشەوە هەبێـ كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە كرایە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە بابل.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا (سێنتكۆم) دەڵێت، ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی لە بارەی هێرشی ئاسمانی ئەمەریكا لە عیراق بڵاوكراوەتەوە، ڕاست نین.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 20ی نیسانی 2024، هێرشێكی ئاسمانیی كرایە سەر بنكەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی و بنكەی سەربازی كالسو لە باكووری پارێزگای بابل. رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە، هێرشەكە كوژراوو برینداری لێكەوتووەتەوە.

ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتیی كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا لە حەشدی شەعبی بەبێ ئەوەی ناوی هیچ وڵات و لایەنێك بێنێت، هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی كردووە و ڕایگەیاندووە، لە بەرانبەر ئەو هێرشەی كراوەتە سەر بنكە سەربازییەكەی باكووری بابل بێدەنگ نابن و تۆڵە دەكەنە و وەڵامدانەوەیەكی توندیان دەبێت.

بنكەی سەربازی كالسو بە دووری 20 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری بەغدا، لە ساڵی 2011 لە دوای كشانەوەی سوپای ئەمەریكا داخرا، بەڵام دواتر كرایە بارەگای لیواكانی 17 و 28ی دەستەی حەشدی شەعبی و بەشێكیشی كراوەتە ناوەندی فێرگە سەربازییەكانی دەستەكە و چەند كۆكا و جبەخانەیەكی سەربازیی تێدایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن