شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق: لەكاتی تەقینەوەكەی كالسۆ هیچ درۆن و فڕۆكەیەك بەئاسمانەوە نەبوون

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 134


راچڵەكین-

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق لەبارەی رووداوەكەی بنكەی سەربازی كالسۆ لەبابل كەبەهۆیەوە ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و برینداربوون، رایدەگەیەنێت، لەكاتی رووداوەكەدا هیچ درۆن و فڕۆكەیەك لەئاسمانی بابل بوونیان نەبووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەك تەقینەوە لەبارەگایەكی حەشدی شەعبی و سەربازگەی كالسۆ روویاندا، بەهۆیانەوە لانی كەم چەكدارێكی حەشدی شەعبی كوژراو ژمارەیەكی تریان برینداربوون.

سەرەتا وابڵاوكرایەوە كە رووداوەكە بەهۆی بۆردومانكردنی ئەمریكا یاخود ئیسرائیلەوە بووبێت، بەڵام هەر زوو هێزی سەربازی هەردوو وڵات ئەو دەنگۆیانەیان رەتكردەوە.

لەلایەن خۆشییەوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی رووداوەكە كەبە زنجیرەیەك تەقینەوەو ئاگركەوتنەوە ناوی هێناوە، چەكدارێك كوژراوەو 8ی تر برینداربوون.

ئەوەش هاتووە، لەكاتی رووداوەكەدا هیچ درۆنێك یان فڕۆكەی سەربازی لەئاسمانی بابل بوونیان نەبووە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق دەڵێت، لەئێستادا لیژنەیەكی هونەری پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەهۆكاری رووداوەكە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن