ئەمریکا فەیلەقێکی سوپای ئیسرائیل سزا دەدات

جیهان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 227

راچڵەکین-

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح و، کوژرانی چەندین هاووڵاتیی سڤیل، وێبسایتێکی ئەمریکی باس لەوە دەکات ئەمریکا بەنیازە سزا بخاتە سەر فەیلەقێکی سوپای ئیسرائیل، "بەهۆکاری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کەناراوی رۆژئاوای فەلەستین".

رۆژی شەممە "ئەسۆشیدپرێس" لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، لە هێرشی ئاسمانی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر رەفەح، لای کەم 9 کەس کوژراون کە 6یان منداڵە.

لە رۆژانی رابردوودا ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ غەززە بەردەوامی هەبوو، تۆڕی "ئەلجەزیرە" لە راپۆرتێکدا باسی لە دۆزینەوەی گۆرێکی بەکۆمەڵی لە نەخۆشخانەی "ئەلنەسر" لە خان یونس کردووە. تۆڕی ئەمریکی "سی ئێن ئێن"یش رایگەیاندووە،شۆفێری ئامبولانسێکی رێکخراوی خاچی سوور، لە کاتێکدا چەندین نەخۆشی فەلەستینی دەگواستەوە بۆ کەناراوی خۆرئاوا، دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و کوژراوە.

هاوکات وێبسایتی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کرد، کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "لە رۆژانی داهاتوو" سزا دەخاتە سەر فەیلەقی "نیتسح یەهودا"ی سوپای ئیسرائیل.


بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم فەیلەقە لە پیاوانی خۆبەخشی یەهودی پێکهاتوون و " زۆرینەی ئەندامانی گەنجانی توندڕەو و پەڕگیری ئاینیین کە لە شوێنانی دیکەی سوپای ئیسرائیلدا بۆ جێیان نابێتەوە."


بەشێک لە شڕۆڤەکاران لەو باوەڕەدان ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی ڕووخساری زیانبەرکەوتووی ئەمریکایە و ئەم هەنگاوە هیچ لە هەڵوێستی ئیسرائیل لە جەنگی غەززەدا ناگۆڕێت.

لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەتوندی رەخنەی لەم بڕیارە گرت و وتی، بڕیارێکی لەمجۆرە لەناو جەنگی غەززەدا کارێکی "بێ ڕەوشتانە"یە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پڕۆژەبڕیارێكی پەسەندكرد بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری دارایی بۆ ئیسرائیل کە بڕەكەی 26 ملیار دۆلارە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن