فەرماندەیەكی سوپای ئیسرائیل دەست لەكار دەكێشێتەوە

جیهان

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 227

راچڵەكین-

فەرماندەی ناوچەی ناوەڕاست سەربە سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند، بەنیازە لە مانگی ئابی داھاتوودا، دەست لە ئەركەكەی بكێشێتەوە.

میدیای فەرمی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، یەھودا فۆكس، سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل ھێرزی ھالێڤی لە بڕیارەی دەستلەكار كێشانەوەكەی ئاگاداركردووەتەوە، بێ ئەوەی ھۆكارەكەی ڕوون بكاتەوە.

یەھودا فۆكس ماوەی سێ ساڵ بوو، كرابوو بە فەرماندەی ناوچەی ناوەڕاست سەربە سوپای ئیسرائیل

پێشتریش سەرۆكی ھەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل، ئاھارۆن ھالیڤا دەستلەكار كێشانەوەی لە ئەركەكەی، ڕاگەیاندبوو.

ھێرزی ھالێڤی، سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل، دەستلەكار كێشانەوەكەی ئاھارۆن ھالیڤای لە پۆستی سەرۆكی ھەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل پەسەند كرد، ئەوەش بەھۆی ئەوەی ئاھارۆن ھالیڤا لە ئاست ھێرشەكەی ڕۆژی ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٣ی حەماس بۆسەر ئیسرائیل بێ توانا بووە.

لەلایەكی ترەوە ڕۆژنامەی یەدیعووت ئەحرەنووت-ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە كە ھیچ پەیوەندییەك لە نێوان دەستلەكاركێشانەوەی ئاھارۆن ھالیڤا و دەستلەكاركێشانەوەی یەھودا فۆكس-دا نییە.

ڕاشیگەیاندووە: "یەھودا فۆكس بە پێچەوانەی ئەفسەرە باڵاكانی دیكە دەستی لەو شكستەدا نییە كە بووە ھۆی ڕوودانی ھێرشەكەی ڕۆژی ٧ی تشرینی یەكەم، ھەروەھا ھیچ تۆمەتێك لەوبارەیەوە ئاراستەی یەھودا فۆكس نەكراوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن